دۆخی مەترسیداری کۆرۆنا لە پارێزگای ورمێ رادەگەیێندرێت

21-08-2022
فریا یونسی
A+ A-

رووداو - هەولێر

بەڕێوەبەری ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنای ورمێ دۆخی مەترسیداری لەو پارێزگایە راگەیاند و دەڵێت؛ سێ شاری پارێزگای ورمێ لە دۆخی "زۆر مەترسیدار" و شارەکانی دیکەش لە دۆخی مەترسیدار و هۆشداریدان.
 
جەلیل مووسەوی، بەڕێوەبەری ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنای ورمێ رایگەیاند؛ شاری خۆی، ماکۆ و میاندوواو لە پارێزگای ورمێ لە دۆخی "سوور و زۆر مەترسیداردان" و شارەکانی ورمێ، تکاب، چایپارە، شەڵماش، سەردەشت، شووت و نەغەدە لە دۆخی پرتەقاڵی و مەترسیداردان. هەروەها شارەکانی دیکەش لە دۆخی زەرد و هۆشداریدا تۆمارکراون.
 
جەلیل مووسەوی ئاشکرای کرد کە هەر ئێستا 389 تووشبووی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەکانی پارێزگای ورمێ خەوێندراون و لەژێر چاودێریدان، لە 24 کاژێری رابردووشدا 128 تووشبووی نوێی کۆرۆنا تۆمارکراون و شەش کەسیش بەو پەتایە گیانیان لەدەستداوە.
 
بەگوتەی بەڕێوەبەری ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنای ورمێ، 84.4٪ی دانیشتووانی تەمەن پێنج ساڵ بەرەوژووری پارێزگای ورمێ، قورچکی یەکەم، 75.5٪ قورچکی دووەم و 34.3٪یش قورچکی سێیەمی پێکوتەی کۆرۆنایان وەرگرتووە. دەشڵێت؛ تەنیا 1.2٪ خەڵک قورچکی چوارەمیان وەرگرتووە.
 
ماوەی زیاتر لە سێ هەفتەیە دۆخی کۆرۆنا لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەرەو هۆشدار و مەترسیدار هەڵکشاوە و بەرپرسانی وەزارەتی تەندروستی هۆشداریی دەدەنە خەڵک و داوای وەرگرتنی قورچکی سێیەم و چوارەمی پێکوتەی کۆرۆنایان لێدەکەن. 
پارێزگای ورمێ لە دۆخە مەترسیدارەکاندا دەستنیشان کراوە و تاوەکو ئێستا حەوت هەزار و 679 کەس لەو پارێزگایە بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نەخۆشخانەی رزگاری لە هەولێر. وێنەکە تەنیا بۆ روونکردنەوە دانراوە

سەرۆکی بەشی هەناو لە نەخۆشخانەی رزگاری: هەڵە دەستنیشانکردن لە 'تای ماڵتا' زۆرە

سەرۆکی بەشی هەناو لە نەخۆشخانەی رزگاری لە هەولێر رایدەگەیەنێت، زۆرینەی ئەوانەی دێنە نەخۆشخانە و وادەزانن تووشبووی تای ماڵتا ''حومەی ماڵتا''ـن نەخۆشییەکەیان نییە و دەرمانی ناپێویستیان بۆ نەخۆشییەکە وەرگرتووە.