توێژینەوەیەک: ژیریی دەستکرد وردتر لە پزیشک شێرپەنجە دەستنیشان دەکات

رووداو - تەندروستی

توێژینەوەیەکی زانکۆی یوو سی ئێڵی بەریتانیا دەریدەخات، توانای دەستنیشانکردنی شێرپەنجەی پڕۆستات لەلایەن ژیریی دەستکردەوە 17٪ وردترە بەراورد بە دەستنیشانکردنی لەلایەن پزیشکەوە.
 
لەم توێژینەوەیەدا زانیاریی 50 نەخۆش کۆکراوەتەوە، دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە لەلایەن تیمێكی پزیشکیی حەوت کەسی لەگەڵ ژیریی دەستکرد بەراورد کراوە و دەرکەوتووە، رێژەی وردیی دەستنیشانکردنەکە لەلایەن ژیریی دەستکردەوە 87٪ بووە و لەلایەن تیمەکە 67٪ بووە. 
 
دکتۆر عەلی کەسریان، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی گورچیلە و میزەڕۆ دەڵێت: ''ژیریی دەستکرد بەکاردەهێنم، زانیاریی نەخۆش لەبارەی جۆری نەخۆشییەکەی، پشکنینی تیشکی ئێکس و نموونەیەکی شانەی نەخۆشەکە دەدەم بە ئامێرە ئەلیکترۆنییەکە و ئامێرەکەش نەخشەیەکی خەمڵاندنی شێرپەنجە دروستدەکات''.
 
دکتۆر کەسریان دەشڵێت، وردیی ژیریی دەستکرد بەندە بە کوالێتیی ئەو زانیارییانەی کە لەسەری راهێنراوە، داتای خراپ دەتوانێت ببێتە هۆی دەستنیشانکردنی نادروست. 
 
تواناکانی ژیریی دەستکرد لە چەند ساڵی رابردوودا بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبوونەتەوە، پسپۆڕان و شارەزایانی بواری تەکنەلۆژیا هۆشداری دەدەن کە دەبێت بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد بە یاسا رێکبخرێت.
 
شارەزایانی بواری تەکنەلۆژیا پێیانوایە، زۆرینەی ئەو کارانەی کە پێویستییان بەوەیە هەست و کارلێکی مرۆڤی لەگەڵدابێت، ژیریی دەستکرد ناتوانێت جێگەیان بگیرێتەوە، وەک بەشێک لە کارمەندانی تەندروستی و مامۆستاکان.