ئەو وەرزشانە بزانە کە بۆ کەمکردنەوەی پەستانی خوێن باشن

رووداو - تەندروستی 

توێژینەوەیەک لە بەریتانیا کاریگەریی چەند وەرزشێک لەسەر کەمکردنەوەی پەستانی خوێن دەردەخات و پسپۆڕێکیش دەڵێت: هاوشێوەی خۆراک، وەرزشیش کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر پەستانی خوێن دەبێت.
 
توێژینەوەکە بە بەشداریی 15 هەزار خۆبەخش لە زانکۆی لیستەر لە بەریتانیا کرا و دەرکەوت، وەرزشگەلێکی زۆر هەن بۆ کەمکردنەوە و کۆنتڕۆڵکردنی پەستانی خوێن، بەتایبەت وەرزشەکانی کاردیۆ ''وەرزشە هەواییەکان''.
 
ئادراین رێیس، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە و پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دڵ لە نەخۆشخانەی زانکۆکە دەڵێت: رۆژانە نیو  کاژێر وەرزشەکانی کاردیۆ بکرێن. 
 
بە گوێرەی توێژینەوەکە، وەرزشەکانی پایسکیلسواری، راکردن و مەلەکردن دەتوانن هاوکاربن لە کەمکردنەوەی پەستانی خوێن و رۆژانە لانیکەم 30 خولەک ئەنجامبدرێن، بەتایبەت ئەوانەی کێشەی دڵ و لوولەکانی خوێنیان هەیە.
 
توێژینەوەیەک لە زانکۆی گۆتنبێرگ لە سوێد پشتڕاستی دەکاتەوە، وەرزشی کاردیۆ مەترسیی تووشبوون بە نۆ جۆری جیاوازی شێرپەنجە لە پیاواندا کەمدەکاتەوە.
 
تەنانەت ئەو کەسانەی رۆژانە وەرزشی کاردیۆ ئەنجامدەدەن 42٪ مەترسیی تووشبوونیان بە نەخۆشییە درێژخایەنەکان و بەتایبەتیش شێرپەنجە کەمدەبێتەوە.
 
بە گوێرەی توێژینەوەکە وەرزشی کاردیۆ مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجەکانی 'سەر، مل، کۆڵۆن، سوورێنچک، گەدە، پەنکریاس، جگەر، گورچیلە و سییەکان' کەمدەکاتەوە.