نوێنەری WHO لە سلێمانی بۆ تووشبووانی سکچوون: مەهێڵن وشکببنەوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

نوێنەری رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە سلێمانی دەڵێ، رێژەی تووشبوون بە سکچوون و رشانەوە لە سلێمانی زیادیکردووە.
 
رۆژی سێشەممە 21-06-2022، د. نەجمەدین حەسەن، نوێنەری رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە سلێمانی لەکاتی بەشداریکردن لە بوولتەنی هەواڵەکانی کاژێر 10ـی رووداو کە سنوور مەجید لە ستۆدیۆکانی سلێمانی پێشکێشی دەکات، لەبارەی ئامارەکانی سکچوون و رشانەوە رایگەیاند، ئامارەکانی تووشبوون زیادیکردووە و تەنیا سەرلەبەیانی رۆژی دووشەممە، 181 کەس بۆ وەرگرتنی چارەسەر روویان لە یەک نەخۆشخانە کردووە.
 
د. نەجمەدین حەسەن گوتی، تووشبوون بە سکچوون و رشانەوە لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە سنووری ئیدارەی گەرمیان  بڵاوبووەتەوە، "یەک جۆر چارەسەر بۆ هەموو تووشبووانی سکچوون بەکاردەهێنرێت." 
 
نوێنەری رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە سلێمانی ئاماژەی بەوەش کرد، بەشێک لە هاونیشمانییان رێنماییەکانی خۆپارێزی لە سکچوون و رشانەوە جێبەجێ ناکەن. گوتیشی، حکومەت سەرچاوەکانی ئاو بەسەردەکاتەوە و رۆژانە نزیکەی 70 نموونەی ئاوی خواردنەوە وەردەگیرێن و پشکنینیان بۆ دەکرێت.
 
بەپێى ئامارى تەندروستیى گشتیى سلێمانى، نەخۆشخانەکانى ئەوان نزیکەى 10 هەزار کەسیان وەکو تووشبووى نەخۆشیى سکچوون و رشانەوە تۆمار کردووە، بە تەنیا رۆژى دووشەممە 635 تووشبووى نوێ تۆمارکراون.
 
رۆژی دووشەممە، دکتۆر سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، لەو ماوەیەدا پێنج کەس گیانیان لەدەستداوە، "پشکنینی یەکێک لەو پێنج کەسە گەڕاوەتەوە کە بەهۆی کۆلێراوە نەبووە، هێشتا ئەنجامی پشکنینی چوار کەسەکەی دیکە دەرنەچووە، کە سیانیان لە بەندینخانەن، تاوەکو ئێستا پشتڕاست نەبووەتەوە کە بەهۆی کۆلێراوە کۆچی دواییان کردبێت، بەڵام سکچوونیان هەبووە. هەروەها نزیکەی 100 بەندکراو لە بەندیخانەکان تووشی سکچوون بوون."  
 
لەبارەی چارەسەرکردنی سکچوون و رشانەوەوە، نوێنەری رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە سلێمانی گوتی: ئەو نەخۆشییە چارەسەرکردنی ئاسانە، بەڵام لە ئیهمالکردنیدا.. ئەگەر نەخۆشەکە چەند رۆژێک سکی بچێت لەوانەیە زۆر وشکبێتەوە و کاریگەریی لەسەر گورچیلەی بکات.. دەبێت نەخۆش لە نزیکترین کاتدا سەردانی پزیشک بکات و سەرەکیترین چارەسەر ئەوەیە نەهێڵێت، وشكبێتەوە. 
 
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی بە پێویستی دەزانێت، "دڵنیا ببینەوە لەو ئاوەی کە بەکاریدەهێنین" و دەشڵێت، "بۆ ئاوی خواردنەوە خەڵک دەتوانێت بۆ ئەم مانگە ئاوی کارگەکان بەکاربهێنێت، ئەو ئاوەی بۆ دەموچاو شتن و خۆشوشتن و شتی دیکە بەکاریدەهێنن دەبێت دڵنیابن لە سەرچاوەکەی، چونکە سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی کۆلێرا ئاوی پیسە."