بەرنامەی دکتۆر ئاراس؛ دووکەڵی نێرگەلە 7000 مادەی زیانبەخشی تێدایە

رووداو - تەندروستی

بەرنامەی ئەم هەفتەیەی دکتۆر ئاراس تایبەت بوو بە مەترسییەکانی جگەرە و نێرگەلەکێشان و کاریگەرییەکانی لەسەر هەریەک لە تاکەکانی کۆمەڵگە بەتایبەت منداڵ و خانمان، پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی دڵ دەڵێت، مەترسییەکانی جگەرەکێشانی دەستی دوو پشتگوێخراون و جگە لە وازهێنان هیچ شتێکی دیکە مەترسییەکانی کەمناکاتەوە. 
 
دکتۆر سەرکەوت داود، پسپۆڕی وردیی نەخۆشییەکانی دڵ دەڵێت: ''یەک دانیشتنی نێرگەلە نزیکەی 100-200 مژ دووکەڵ دەبێت و دووکەڵی جگەرە و نێرگەلە 70 مادەی شێرپەنجەیی تێدایە.'' دەشڵێت: "نێرگەلە 10 هێندەی جگەرە مەترسیداترە و دووکەڵەکەی 7000 مادەی زیانبەخشی تێدایە.''
 
ئەو پزیشکە پسپۆڕە ئاماژەی بە زیانەکانی دووکەڵی جگەرە و نێرگەلە کرد و گوتی، "زیان بە کۆئەندامی هەناسە دەگەیێنێت و تەنانەت مەترسیی تووشبوون بە نەزۆکی زیاددەکات، هەروەها دووکەڵی جگەرەکێشانی دەستی دووەم هۆکارێکی شەکرەیە و مەترسیی تووشبوون بە جەڵتەی دڵ و مێشکیش زیاددەکات".
 
سەبارەت بە کەمکردنەوەی زیانەکانی دووکەڵی نێرگەلە و جگەرەکێشان، بە تایبەت لە رێگەی وەرزشەوە، دکتۆر سەرکەوت داود گوتی: ''جگە لە وازهێنان، هیچ شتێک مەترسییەکانی دووکەڵ کەمناکاتەوە''.
 
ئەو پزیشکە ئاشکرای دەکات: "جگەرەی دەستی دوو مەترسیی مردنی لەناکاوی منداڵ زیاددەکات و زیاتر هەستیاریان دەکات بە تووشبوون بە رەبۆ. گوتیشی "جەستەی منداڵان بەرامبەر دووکەڵی جگەرە لاوازترە و دەشێت ببێتەهۆی کەمبوونەوەی زیرەکیی منداڵ." 
 
هەروەها دەشڵێت: منداڵان بەرگریی جەستەیان کەمترە و بۆرییەکانی هەناسەیان بچووکترە، بەمەش بە کەمترین دووکەڵ زۆرترین کاریگەریی نەرێنیان لەسەر دەردەکەوێت و تووشی هەوکردن دەبن
 
لە بەشێکی دیکەی بەرنامەکەدا پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی خانمان و منداڵبوون لەبارەی جگەرە و نێرگەلەوە دەڵێت: ''جگەرەکێشانی پیاوان مەترسی لەسەر هاوژینەکانیان دروستدەکات، بەجۆرێک دەبێتەهۆی تێکدانی هۆڕمۆنەکانیان.'' 
 
دکتۆر هاژە عەبدوڵڵا، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی خانمان و منداڵبوون، سەبارەت بە خانمانی جگەرەکێش گوتی: "مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک، شێرپەنجەی ملی منداڵدان و نەزۆکی لەسەریان زیاددەکات." 
 
دکتۆر هاژە عەبدوڵڵا ئامۆژگاریی ژنانی دووگیان دەکات دووربکەونەوە لەو کۆڕ و کۆبوونەوە و ئەو دانیشتنانەی نێرگەلە و جگەرەیان تێدا دەکێشرێت، چونکە دووکەڵ زیان بە کۆرپەکانیان دەگەیێنێت.
 
بۆ بینینی تەواوی بەرنامەکە کلیک لێرە بکە.