زانکۆی راپەڕین: پێویستە بایەخ بە راهێنان و فێربوونی دایک و باوکی منداڵانی ئۆتیزمیش بدرێت

21-04-2024
شکار رێبوار
سیمپۆزیۆمی 'کوالێتیی ژیان و پێداویستییەکانی خاوەن منداڵانی ئۆتیزم'. وێنە: رووداو
سیمپۆزیۆمی 'کوالێتیی ژیان و پێداویستییەکانی خاوەن منداڵانی ئۆتیزم'. وێنە: رووداو
A+ A-
رووداو - تەندروستی

زانکۆی راپەڕین لە سیمپۆزیۆمێکدا ئاشکرای دەکات، پێویستە کاری زیاتر بۆ خزمەتکردنی منداڵە ئۆتیزمەکانی دەڤەری راپەڕین بکرێت، پسپۆڕێکی پەروەردەی تایبەتیش دەڵێت: نەبوونی پسپۆڕی پەروەردەی تایبەت کێشەی سەرەکیی راهێنانی منداڵانی ئۆتیزمە.
 
رێناس بابەکر، پسپۆڕێکی پەروەردەی تایبەت لە دەڤەری راپەڕین رایدەگەیێنێت، کێشەکانی منداڵانی ئۆتیزم لەو دەڤەرە زۆرن، ئەو پسپۆڕە نەبوونی ئامارێکی ورد لەو دەڤەرە بە کێشەی سەرەکیی کەمیی خزمەتگوزارییەکان بۆ منداڵانی ئۆتیزم دادەنێت.
 
د. روخسار محەممەد، بەڕێوەبەری سیمپۆزیۆمەکە گوتی، سەرنجی سەرەکییان لەسەر دایک و باوکی منداڵانی ئۆتیزمە، چونکە ئەگەر منداڵ لە سەنتەرەکانیش بەباشی راهێنانی پێبکرێت، بەڵام دایک و باوک نەزانن چۆن مامەڵەی لەگەڵدا بکەن، ئەوا هیچ سوودێکی نابێت.
 
پسپۆڕێکی پەروەردەی تایبەت لەنێو سیمپۆزیۆمەکە ئاشکرای دەکات، لە دەڤەری راپەڕین هیچ ئامارێکی ورد بۆ ژمارەی منداڵانی ئۆتیزم نییە و تەنیا دوو سەنتەری راهێنان بۆ منداڵانی ئۆتیزم هەن؛ یەکێکیان حکومی و یەکێکیان تایبەت، بەڵام هێشتا سەنتەری زیاتر پێویستن. 
 
رێناس بابەکر ئاماژەش بەوەدەکات، نەبوونی پسپۆڕی پەروەردەی تایبەت کێشەی سەرەکیی بەردەم راهێنان و فێربوونی منداڵانی ئۆتیزمە لەو دەڤەرە.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 21ـی نیسانی 2024 لە زانکۆی راپەڕین سیمپۆزیۆمی 'کوالێتیی ژیان و پێداویستییەکانی خاوەن منداڵانی ئۆتیزم' بەڕێوەچوو.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە