لە هەڵەبجە 'نەخۆشیی هەوکردنی پەردەی مێشک' لەنێو منداڵان بڵاودەبێتەوە و هۆشداری دەدرێت

21-04-2023
هۆرڤان رەفعەت
نەخۆشخانەی گشتیی هەڵەبجە
نەخۆشخانەی گشتیی هەڵەبجە
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە پارێزگای هەڵەبجە لەنێو منداڵاندا "نەخۆشییەکی مەترسیدار"ی گواستراوە بڵاوبووەتەوە و تەندروستیی پارێزگاکەش هۆشداری دەدات. پزیشکێکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵانیش دەڵێت، نەخۆشییەکە "مەترسیدارە" و ئەگەر رێژەی تووشبوون زیاتر بێت، پێویستیان بە دەرمان و هاوکاریی پزیشکی دەبێت.

 

دکتۆر ئازاد مستەفا، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ماوەی زیاتر لە هەفتەیەکە نەخۆشییەکی گواستراوە بە ناوی هەوکردنی پەردەی مێشک بڵاوبووەتەوە و تائێستا نزیکەی 30 منداڵ بەهۆی تووشبوون بەو نەخۆشییە داخڵی نەخۆشخانەکان کراون".
 
دکتۆر ئازاد مستەفا گوتی، "نەخۆشییەکە گواستراوەیە و ترسمان هەیە زیاتر بڵاوبێتەوە، چونکە لەو حاڵاتانەی هێندراونەتە نەخۆشخانەکانمان، کەیسی تێدایە لەنێو یەک خێزان دوو منداڵیان تووشی هەمان نەخۆشی بوون لە هەمان ماوەدا و ژمارەی تووشبووەکانیش لە زیادبووندایە".
 
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەڵەبجە ئاماژە بەوە دەکات، "تاوەکو هەفتەی رابردوو 20 نەخۆشمان بە تووشبووی هەوکردنی پەردەی مێشک هەبووە، بەڵام ئەمڕۆ زیادبووە بۆ 30 کەس." دەشڵێت، "بەهۆی داخڵكردنی ژمارەیەكی زۆر لە منداڵ لە نەخۆشخانەی منداڵانی هەڵەبجە بە هۆكاری نەخۆشی گواستراوەی هەوكردنی پەردەی مێشك، بە هەموو شێوەیەك سەردانكردنی نەخۆش بۆ نەخۆشخانەی ناوبراومان قەدەخە کردووە".
 
سەبارەت بە نەخۆشییەکە، دکتۆر زانا باقی، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان کە هاوکات پزیشکە لە نەخۆشخانەی هەڵەبجە، بە رووداوی گوت: "نەخۆشییەکە هەوکردنە، دەگونجێت بەهۆی بەکتریا یان ڤایرۆس یان مشەخۆرەوە خەڵک تووشی ببێت. نەخۆشییەکە کەسانی تەمەن گەورە و بچووکیش تووش دەکات، بەڵام ئێستا لە هەڵەبجە زیاتر منداڵان تووشی نەخۆشییەکە بوون".
 
ئەو پزیشکە باسی لەوەش کرد، "ئێستا 20 منداڵ لە نەخۆشخانەکەمان بە تووشبوونی ئەو نەخۆشییە خەوێندراون و دۆخی تەندروستییان مامناوەندە".
 
سەبارەت بە مەترسییەکانی نەخۆشییەکە، دکتۆر زانا گوتی، "مەترسیدارە، چونکە هەوکردنەکە لە دەوروبەری مێشک و لەنێو پەردەکانی مێشکە، بۆیە ئەگەر هەیە نەخۆشەکە تووشی گەشکە بکات یان خانەکانی مێشک تووشی پووکانەوە بکات، یان کاریگەری هەبێت لەسەر لاوازکردنی مێشک بۆ بیرکردنەوە".
 
ئەو پزیشکە پسپۆڕەی تەندروستیی هەڵەبجە دەشڵێت، "لە سەرەتای مانگی سێوە نەخۆشییەکە بڵاوبووەتەوە و تائێستا ژمارەی تووشبوون گەیشتووەتە 35 منداڵ، ئەگەر ژمارەی تووشبوون زیاتر بێت، توانامان نامێنێت و پێویستمان بە دەرمان دەبێت، هەروەها ئێستا پێوستی تاقیگەییمان زۆر کەمە و ناتوانین پشکنین بکەین تاوەکو هۆکاری بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە دەستنیشان بکەین".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە