وەزارەتی تەندروستی: خاڵە سنوورییەکان ئەوەندە لاواز نین ڤاکسین بە قاچاخ رەوانەی وڵاتان بکرێت
رووداو دیجیتاڵ
بریكاری وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان رەتیکردەوە ڤاکسین بە قاچاخ بۆ ئێران نێردرابێت و رایگەیاند، "خاڵە سنوورییەکان ئەوەندە لاواز نین ڤاکسین بە قاچاخ رەوانەی وڵاتان بکرێت."
ئەمڕۆ چوارشەممە 21-04-2021 وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان روونکردنەوەی لەبارەی ئەو ڤیدیۆییە بڵاوکردەوە کە گوایە "ڤاکسینی جۆری فایزەرە بە قاچاخی براوەتە ئێران."
رەهێڵ فەرەیدون، بریكاری وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان بەشداریی بوولتەنی نیوڕۆژی رووداوی کرد کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات و رەتیکردەوە ڤاکسین بە قاچاخ بۆ ئێران نێردرابێت و دەشڵێت "وەکو وەزارەتی تەندروستی پێش چوار مانگ لیژنەیەکمان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ حکومەتی عێراق پێکهێنا بۆ دابینکردنی ڤاکسین. بەغدا هەموو ڤاکسینەکان بە ناو و ژمارە دەنێرێت و دیاریشە دەدرێتە کێ و بە ئاماریش بۆ ئەوان دەڕواتەوە کە بە کێ. ئەو گرتەڤیدیۆیانەی کە بڵاویشکراونەتەوە بەهیچ شێوەیەک لەلایەن ئێمە نەکراوە. پێشموانییە خاڵە سنوورییەکان ئەوەندە لاوازبن ڤاکسین بە قاچاخ رەوانەی وڵاتان بکرێت."
رۆژی سێشەممە 20-04-2021 گرتەیەکی ڤیدیۆی لە سۆشیالمیدیا و چەند ئاژانسێکی فارسیدا بڵاوبووەوە کە تێیدا ئەوە نیشاندەدرا کە ڤاکسینی جۆری فایزەر بە شێوەی قاچاخ چووەتە ئێران، لە یەکێک لە گرتە ڤیدیۆییەکاندا وێنەیەکی فۆتۆی مۆری حکومەتی هەرێمی کوردستان دەردەکەوێت، بەڵام لە درێژەی ڤیدیۆکەدا و پێش کورتکردنەوەی، ئەو مۆرەی وەزارەتی تەندروستی دەرناکەوێت. بەڵام وەزارەتی تەندروستی رەتیدەکاتەوە ڤاکسین بە قاچاخ بۆ ئێران نێردرابێت.
بریكاری وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژە بەوە دەدات، "بەغدا داوای تۆماری وەرگرانی ڤاکسین دەکات و هیچ ڤاکسینێکیش بەبێ خۆتۆمارکردن نادرێت.
رەهێڵ فەرەیدون، بریكاری وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان دەشڵێت "هاتنی ڤاکسین لە بەغداوە بەردەوام دەبێت و بڕیارە بەشێکی دیکە لە ڤاکسینی فایزەر و سینۆفارم بگاتە هەرێمی کوردستان." راشیدەگەیێنێت "ڤاکسینی فایزەر بە چاودێری هێزە ئەمنییەکان رەوانە دەکرێت."
بەگوتەی بریكاری وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان "ڤاکسینی سینۆفارم لە ڤاکسینەکانی دیکە سەلامەتترە، بەڵام کاریگەری کەمترە."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دکتۆر رەهێڵ فەرەیدوون ئاماژەی بەوە دا: "هەرچەندە چەندین کۆمپانیای کەرتی تایبەت داوایانکردووە ڤاکسین هاوردە بکەن، بەڵام وەزیری تەندروستی داواکەی رەتکردوونەتەوە و ئامادە نەبووە فایزەر لە رێگەی کەرتی تایبەت، یان کۆمپانیای لۆکاڵی هارودە بکات".
لەبارەی ئەگەری دزەپێکردنی ڤاکسینیش بریکاری وەزیری تەندروستی گوتی: "ناتوانرێ دزەی پێبکرێت، چونکە ڤاکسینەکە بە ژماردن و تۆمار دێت، هەرکەسیش خۆی بکوتێ دەبێ فۆرم پڕ بکاتەوە و رێکاری کۆنترۆڵکردنی تووندە".
رۆژی دووی ئاداری ئەمساڵ2021، یەکەم بڕە ڤاکسینی سینۆفارم لەلایەن چینەوە گەیێندرایە هەرێمی کوردستان، دواتر ڤاکسینەکانی ئەسترازێنیکای بەریتانی گەیشت و تاوەکو ئێستاش دوو کاروانی ڤاکسینی فایزەر گەیشتوونەتە هەولێر.
دکتۆر ئارام رۆستەم، سەرۆکی لیژنەی کڕینی ڤاکسین لە وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشتر بە رووداوی راگەیاندبوو، حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کڕینی ڤاکسین داواکاریی پێشکێشی هەرسێ کۆمپانیای بەرهەمهێنەر فایزەر، ئەسترازێنیکا و سینۆفارم کردووە، بەڵام فایزەر رەتیکردووەتەوە و پێی راگەیاندوون، کە مامەڵە لەگەڵ حکومەتی عێراقدا دەکەن.
سەرۆکی لیژنەی کڕینی ڤاکسین سەبارەت بە کڕینی ڤاکسینی کۆرۆنا لە قسەکانیدا بۆ رووداو گوتی، جگە لە پشکی خۆی لەو ڤاکسینەی لە بەغداوە بۆی دێت، هەرێمی کوردستان بە نیازی کڕینی دوو ملیۆن و 400 هەزار ڤاکسین بوو، بەڵام ئێستا ئەو بڕەی بۆ تەنیا 100 هەزار کەمکردووەتەوە، هۆکاری ئەوەشی گەڕاندەوە بۆ ئەو "پڕوپاگەندانەی" لەسەر ڤاکسینەکان دەکرێن لە هەرێمی کوردستان، کە بە قسەی ئەو رۆڵی "نێگەتیڤیان لە ساردکردنەوەی خەڵکی بۆ وەرگرتنی ڤاکسینەکە هەبووە."
لە چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان لەسەرەتای ئاداری ساڵی 2020ـەوە تاوەکو رۆژی سێشەممە 20ی نیسانی 2021، ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، 141 هەزار و 726 کەس بوون، 118 هەزار و 896 کەس چاکبوونەتەوە، سێ هەزار و 896 کەس بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە.
دکتۆر ئارام رۆستەم، سەرۆکی لیژنەی کڕینی ڤاکسین لە وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەروەها گوتی "کۆمپانیای فایزەر بەتەنیا مامەڵە لەگەڵ وڵاتاندا دەکات و لەگەڵ هەرێمەکان مامەڵەی نییە، بۆیە هەرێمی کوردستان ناتوانێت ڤاکسینی لێبکڕێت، هەرچی ڤاکسینی ئەسترازێنیکایە، ئەوا چەندین کۆبوونەوەمان لەگەڵ کردوون و چاوەڕوانی وەڵامین، بۆ ڤاکسینی سینۆفارمیش داوامان لە وڵاتی چین کردووە."
تاوەکو ئێستا سێ جۆر ڤاکسین گەیشتوونەتە عێراق و هەرێمی کوردستان کە بریتین لە سینۆفارم، ئەسترازێنیکا و فایزەر و زیاتر لە 215 هەزار و 801 کەسیش ڤاکسینیان وەرگرتووە.
دوو کاروانی سینۆفارمی چینی گەیشتوونەتە عێراق؛ یەکەم کاروانی لە 2-04-2021 گەیشت، کە پێکهاتبوو لە 50 هەزار قورچک. دواتر کاروانی دووەم گەیشت کە نزیکەی 200 هەزار قورچکە ڤاکسین بوو. رۆژی 25-03-2021 یەکەم کاروانی ڤاکسینی ئەسترازێنیکا گەیشتە عێراق، کە پێکهاتبوو لە 336 هەزار قورچکە ڤاکسین. رۆژی 11-04-2021 یش یەکەم کاروانی فایزەر گەیشت، کە لە 49 هەزار قورچک پێکهاتبوو.