رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، روونکردنەوە لەبارەی ئەو ڤیدیۆیە دەدات کە بڵاوبووەتەوە و گوایە ڤاکسینی جۆری فایزەرە و بە قاچاخی براوەتە ئێران و دەڵێت: "تاوەکو ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان مامەڵەی لەگەڵ هیچ لایەنێکی لۆکاڵی و نافەرمیدا نەکردووە جگە لە بەغدا".
دکتۆر رەهێڵ فەرەیدوون، بریکاری وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بۆ هاوردەکردنی ڤاکسینی کۆرۆنا، حکومەتی هەرێمی کوردستان مامەڵەی راستەوخۆ لەگەڵ بەغدا دەکات و بەهیچ جۆرێک لەگەڵ کۆمپانیا لۆکاڵییەکان مامەڵە ناکات و گوتیشی: "ئەو ڤیدیۆیەی بڵاوکراوەتەوە راست نییە".
دوێنێ ڤیدیۆیەک لە سۆشیالمیدیا و چەند ئاژانسێکی فارسیدا بڵاوبووەوە کە تێیدا ئەوە نیشاندەدرا کە ڤاکسینی جۆری فایزەر بە شێوەی قاچاخ چووەتە ئێران، لە یەکێک لە ڤیدیۆکاندا وێنەیەکی فۆتۆی مۆری حکومەتی هەرێمی کوردستان دەردەکەوێت، بەڵام لە درێژەی ڤیدیۆکەدا و پێش کورتکردنەوەی، ئەو مۆرەی وەزارەتی تەندروستی دەرناکەوێت.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دکتۆر رەهێڵ فەرەیدوون ئاماژەی بەوە دا: "هەرچەندە چەندین کۆمپانیای کەرتی تایبەت داوایانکردووە ڤاکسین هاوردە بکەن، بەڵام وەزیری تەندروستی داواکەی رەتکردوونەتەوە و ئامادە نەبووە فایزەر لە رێگەی کەرتی تایبەت، یان کۆمپانیای لۆکاڵی هارودە بکات".
لەبارەی ئەگەری دزەپێکردنی ڤاکسینیش بریکاری وەزیری تەندروستی گوتی: "ناتوانرێ دزەی پێبکرێت، چونکە ڤاکسینەکە بە ژماردن و تۆمار دێت، هەرکەسیش خۆی بکوتێ دەبێ فۆرم پڕ بکاتەوە و رێکاری کۆنترۆڵکردنی تووندە".
رۆژی دووی ئاداری ئەمساڵ2021، یەکەم بڕە ڤاکسینی سینۆفارم لەلایەن چینەوە گەیێندرایە هەرێمی کوردستان، دواتر ڤاکسینەکانی ئەسترازێنیکای بەریتانی گەیشت و تاوەکو ئێستاش دوو کاروانی ڤاکسینی فایزەر گەیشتوونەتە هەولێر.
دکتۆر ئارام رۆستەم، سەرۆکی لیژنەی کڕینی ڤاکسین لە وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشتر بە رووداوی راگەیاندبوو، حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کڕینی ڤاکسین داواکاریی پێشکێشی هەرسێ کۆمپانیای بەرهەمهێنەر فایزەر، ئەسترازێنیکا و سینۆفارم کردووە، بەڵام فایزەر رەتیکردووەتەوە و پێی راگەیاندوون، کە مامەڵە لەگەڵ حکومەتی عێراقدا دەکەن.
سەرۆکی لیژنەی کڕینی ڤاکسین سەبارەت بە کڕینی ڤاکسینی کۆرۆنا لە قسەکانیدا بۆ رووداو گوتی، جگە لە پشکی خۆی لەو ڤاکسینەی لە بەغداوە بۆی دێت، هەرێمی کوردستان بە نیازی کڕینی دوو ملیۆن و 400 هەزار ڤاکسین بوو، بەڵام ئێستا ئەو بڕەی بۆ تەنیا 100 هەزار کەمکردووەتەوە، هۆکاری ئەوەشی گەڕاندەوە بۆ ئەو "پڕوپاگەندانەی" لەسەر ڤاکسینەکان دەکرێن لە هەرێمی کوردستان، کە بە قسەی ئەو رۆڵی "نێگەتیڤیان لە ساردکردنەوەی خەڵکی بۆ وەرگرتنی ڤاکسینەکە هەبووە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ