پسپۆڕێکی خۆراک: سووپ و زەڵاتە لە دەستپێکی شکاندنی رۆژوودا بخورێن

21-03-2024
شکار رێبوار
نیشانەکردن وەڵامی پرسیارە تەندروستییەکانت
A+ A-
رووداو - تەندروستی

پسپۆڕێکی خۆراک رایدەگەیێنێت، باشترە لەسەرەتای رۆژووشکاندندا پەرداخێک ئاو لەگەڵ خورمایەک بخورێتەوە، پاشانیش پشوو بە گەدە بکرێت و دوای چەند خولەکێک کەسەکە دەست بە خواردنی خۆراکی سەرەکی بکات.
 
د. هۆلیم هاشم، پسپۆڕی خۆراک بە رووداوی راگەیاند، مانگی رەمەزان دەکرێت ببێتە هەلێک بۆ پەیڕەوکردنی رێژیمێکی تەندروست بۆ دابەزاندنی کێش و بایەخدان بە تەندروستی.
 
هاوکات دەڵێت: لە سەرەتای رۆژووشکاندن پێویستە خۆراکەکان بە باشی بجووێن و سەرەتاش شلەمەنییەک بخورێتەوە، هاوکات دەشڵێت: بەهیچ شێوەیەک لە ژەمی ئێوارەدا شیرینییەکان نەخورێن.
 
ئەو پسپۆڕەی خۆراک ئاماژە بەوەشدەکات، سووپ و زەڵاتە لە سەرەتای دەستپێکی شکاندنی رۆژوودا بخورێن بەتایبەت ئەو زەڵاتەیەی کە دەوڵەمەند بێت بە 'تەماتە، کاهوو، برۆکلی، خەیار، قەرنابیت و زەیتی زەیتوون' هۆکارەکەش رووندەکاتەوە و دەڵێت: وا دەکەن کەسی رۆژووەوان کێشەی هەرسی بۆ دروستنەبێت و جەستەی خۆراکە مادەی پێویستی دەست بکەوێت.
 
بە گوتەی د. هۆلیم، لەنێوان ژەمی بەربانگ تاوەکو پارشێو دەتواندرێت 8-12 پەرداخ ئاو بخورێتەوە تاوەکو جەستە بە شێداری بهێڵدرێتەوە.
 
بەشێکی رۆژووەوانان لە سەرەتاکانی مانگی رەمەزاندا دووچاری چەند کێشە و ناڕێکییەکی تەندروستیی دەبنەوە وەکو 'قەبزی، دڵەکزێ، سەرئێشە و دروستبوونی گازەکانی گەدە'، لەم بارەیەوە ئەو پسپۆڕەی خۆراک گوتی، ئەو کەسانە پێویستە لە سەرەتای رۆژووشکاندنیان زەڵاتە و شلەمەنی بخۆن و لە خۆراکە 'سوێر، ترش و خێراکان' دووربکەونەوە.
 
زۆرخۆری لە پارشێودا دەبێتەهۆی هەستنەکردن بە برسێتی لەکاتی بەڕۆژووبووندا؟
 
ئەو پسپۆڕە دەڵێت: نەخێر، چونکە زۆرخۆری لە پارشێودا مانای برسینەبوون نییە لەکاتی بەڕۆژووبووندا و ئەوەش بە هەڵە دادەنێت کە ئەو خۆراکەی لە ژەمی ئێوارەدا خوراوە، لە پارشێویشدا دووبارە بخورێتەوە.
 
د. هۆلیم رونی دەکاتەوە، زۆرخۆری هەستی برسیبوون زیاددەکات و پێویستە بایەخی زیاتر بە خۆراکە پڕۆتینییەکان بدرێت، تاوەکو هەستی برسیبوون کەمببێتەوە.
 
ئەوانەی کێشەی کۆڵۆنیان هەیە چی بکەن؟
 
پسپۆڕەکە گوتی، ''قەبزی سەرەکیترین کێشەی ئەوانەیە کە لەو مانگەدا بەڕۆژوو دەبن و پێویستە زۆرخۆری نەکەن، بەجۆرێک کە پێش ئەوەی تێربن دەست لە خواردن هەڵبگرن، هەروەها بڕێکی دیاریکراویش ئاو بخۆنەوە''.
 
پاشانیش دەڵێت: ''پاڵکەوتن دوای ژەمی خۆراک بۆ تووشبووانی نەخۆشیی کۆڵۆن قەدەخەیە و باشترە هەمیشە بە چالاکیی بمێننەوە و لە خۆراکە سوورەوەکراوەکان و شیرینییەکانیش دووربکەونەوە''.
 
هۆکاری دڵەکزێ و چارەسەری لە مانگی رەمەزاندا؟
 
د. هۆلیم هاشم لەم بارەیەوە دەڵێت: 'خواردنی ترشیات، خواردنی بڕێکی زۆر لە ئاوی تەماتە، زۆرخۆری لە خۆراکە چەور و سوورەوەکراوەکان و خواردنی خۆراک بە خێرایی' هۆکارن بۆ دڵەکزێ.
 
ئەو پسپۆڕە گوتی، زۆرخواردنەوەی چا و قاوە دەشێت هۆکاربێت بۆ دڵەکزێ و باشترە بایەخ بە چای سەوز بدرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە