تەندروستیی جیهانی: ڤاکسینی کۆلێرا بەشێوەیەکی بەرچاو کەمبووەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی هۆشداری دەدات کە بەرهەمهێنانی ڤاکسینی دژە کۆلێرا لە ئاستی پێویست نییە و خواست لەسەری زۆر زیادیکردووە، ئەمەش وادەکات مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکە زیاتر بێت.
رۆژی چوارشەممە، 20-03-2024، رێکخراوی تەندروستیی جیهانیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان WHO رایگەیاند: "ملیۆنان خەڵک مەترسیی تووشبوونیان بە کۆلێرا هەیە، چونکە کۆمپانیای دابینکاری ڤاکسین ناتوانێت بڕی پێویستی ڤاکسین دابینبکات."
کۆمپانیای یوبایۆلیجیکس کە لە کۆریای باشوورە، دابینکاری ڤاکسینی دژی کۆلێرایە.
گرووپی هاوئاهەنگیکاری رێکخراوی تەندروستیی جیهانی ناسراو بە ICG کە دابینکردن و دابەشکردنی ڤاکسینی کۆلێرا لە جیهان بەڕێوەدەبات دەڵێت، "دەبێت هەنگاوی دەستبەجێ بنرێت، چونکە ژمارەی ئەوانەی تووشی بەکتریاکە دەبن لەسەرانسەری جیهان لە زیادبووندان."
گرووپی ICG هەروەها دەڵێت، "بەرزیی ئاستی خواست لەسەر ڤاکسین و کەمیی دابینکردنی ڤاکسین گوشارێکی زۆری خستووەتە سەرمان."
لە ساڵی 2022ـدا لانیکەم 473 هەزار کەس تووشی ڤایرۆسی کۆلێرا بوون، ئەو ژمارەیەش دوو هێندەی ساڵی 2021 بوو.
تەندروستیی جیهانی دەڵێت: "لە ساڵی 2023ـدا 700 هەزار تووشبووی کۆلێرا هەبوون."
گرووپی ICG پێشبینی دەکات لە ساڵی 2024 بڕی 17 بۆ 50 ملیۆن ڤاکسینی کۆلێرا بەرهەم بهێندرێت. گرووپەکە دەڵێت: "ئەو بڕە هێشتا کەمە ئەمەش بەهۆی خواستی زۆری خەڵک و ئەوانەی بەشێوەیەکی راستەخۆ تووشی کۆلێرا دەبن."
تائێستا هیچ کۆمپانیایەکی دابینکار ئامادەیی خۆی نیشان نەداوە بۆ ئەوەی لە پاڵ کۆمپانیا کۆرییەکە ڤاکسین بەرهەم بهێنێت بۆیە ICG دەڵێت کورتهێنان بەردەوام دەبێت.
کۆلێرا نەخۆشییەکە بەھۆی بەکتریای ڤایبریۆ کۆلێرا تووشی مرۆڤ دەبێت، زۆربەی کات لە رێگەی پیسبوونی ئاوی خواردنەوە، خۆراکی پیس، توالێتی پیس بڵاودەبێتەوە.
نەخۆشیی کۆلێرا نەخۆشییەکی درمە و لە کاتی تووشبوونی چەند کەسێکی ناو کۆمەڵگە، زۆر بە خێرایی دەگوازرێتەوە بۆ کەسانی دیکە.
بەگوێرەی WHO، لە جیهاندا زیاتر لە دوو ملیار کەس ئاوی پیس دەخۆنەوە و منداڵ و بەساڵاچووان گرووپی مەترسیدارن بۆ تووشبوون بەو نەخۆشییانەی لەڕێگەی ئاوی پیسبووەوە دەگوازرێنەوە.
بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ساڵانە بە تێکڕا زیاتر لە 100 هەزار کەس بەو بەکتریایە گیان لەدەستدەدەن.
ئەو وڵاتانەی زۆرترین کەسی تووشبووی نەخۆشییەکەی هەیە بریتییە لە: هایتی، کۆنگۆ، ئەسیوپیا، کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ، سۆماڵ، سوودان، سووریا، زامبیا و زیمبابوێ.
رۆژی 03-12-2023، یەکێتیی خاچ و مانگی سووری نێودەوڵەتی لە نوێترین راپۆرتیدا هۆشداریدا لەوەی کە ئەگەر ئاوی رووبارەکان خاوێن نەکرێتەوە، پەتای کۆلێرا لە ژمارەیەکی زیاتری پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بڵاودەبێتەوە.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، دوای ئەوەی کە لە هاوینی ساڵی 2022 نەخۆشییەکە لە عێراق بڵاوبووەوە، پارێزگاکانی موسەننا، بەغدا، کەرکووک، بابل، زیقار و قادسیە زۆرترین زیانیان بەرکەوت.
راپۆرتەکە بە پشتبەستن بە ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی عێراق پیشانیدەدات، لەو کاتەوە سێ هەزار و 63 تووشبووی کۆلێرا تۆمارکراون و 19یان گیانیان لەدەستداوە.
هەولێر و سلێمانی لە پەتاکە پارێزراو نەبوون. لە هەولێر 443 تووشبوو تۆمارکراون و سێ لەوانە گیانیان لەدەستدا. لە سلێمانیش 385 کەس تووشی پەتا ڤایرۆسییەکە بوون، بەڵام گیانلەدەستدان نەبوو، ئەوە بە گوێرەی راپۆرتەکە.
کەرکووک لەسەر ئاستی عێراق زۆترین تووشبووی هەبووە، کە ژمارەیان 937 کەس بووە و سیانیان گیانیان لەدەستداوە.