پسپۆڕێکی قوڕگ، لووت و گوێ: زرینگانەوەی گوێ نەخۆشی نییە بەڵکو نیشانەی نەخۆشییە

21-02-2023
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

پسپۆڕێکی قوڕگ، لووت و گوێ چەند راستییەک لەبارەی زرینگانەوەی گوێ ئاشکرادەکات و رایدەگەیێنێت، 15٪ـی هاووڵاتییانی جیهان دووچاری زرینگانەوەی گوێ بوونەتەوە کە نیشانەیەکە بۆ نەخۆشی و ناڕێکیی بیستن. 
 
دکتۆر رەشاد لەببان، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی قوڕگ، لووت و گوێ لە ناوەندی پزیشکیی سووریی ئەمریکی لە قەتەر دەڵێت: ''زرینگانەوەی گوێ نیشانەی نەخۆشی یاخود ناڕێکییە لە هەستەوەرەکانی بیستن و گوێدا دروستدەبێت''، هەروەها دەشڵێت: تەمەن، بەرکەوتن بە دەنگی بەرز، پیسیی گوێ، بەرزەپەستانی خوێن، بەکارهێنانی هەندێک جۆری دەرمان و هەوکردن' لە هۆکارە باوەکانن بۆ تووشبوون بە زرینگانەوەی گوێ.
 
دکتۆر رەشاد لەببان گوتی، زرینگانەوەی گوێ لە کاتی دووگیانی و بەساڵاچووندا یاخود بەهۆی کەڵەکەبوونی مادەی مۆمی نێو گوێیەکانەوە ئاساییە''، هەروەها روونی دەکاتەوە، بەرکەوتن بە دەنگی بەرز هۆکارێکی سەرەکییە بۆ تووشبوون بە زرینگانەوەی گوێ و دروستبوونی دەنگ لە گوێ، چونکە زیان بە هەستەوەرەکانی بیستن دەگەیێنێت.
 
لەبارەی جیاوازیی دەنگ و زرینگانەوە نائاساییەکانی گوێ، پسپۆڕەکە دەڵێت: ''جۆری زرینگانەوەکە بەگوێرەی هۆکاری دروستبوونی دەگۆڕێت و هەر جۆرە زرینگانەوەیەک دەرخەری جۆرە نەخۆشییەکە.''
 
زرینگانەوەی گوێ لە بەساڵاچوواندا بەربڵاوە، پسپۆڕەکەی قوڕگ، لووت و گوێش روونی دەکاتەوە، نزیکەی 15٪ـی دانیشتووانی جیهان تووشی زرینگانەوەی گوێ بوون و تەمەنی زۆرینەیان لەنێوان 40 بۆ 80 ساڵە.
 
بە گوتەی دکتۆر رەشاد، زۆرجار زرینگانەوەی گوێ بەبێ هیچ چارەسەرێک خودکارانە کەمدەبێتەوە، بەڵام هەندێک جۆری زرینگانەوە پێویستە لەلایەن پزیشکی پسپۆڕەوە هۆکارەکەی بزاندێت و پێشگیری لێبکرێت.
 
لە کۆتاییدا دکتۆر رەشاد لەببان چەند رێنوێنییەک بۆ کەمکردنەوە و پێشگیریکردن لە تووشبوون بە زرینگانەوەی گوێ باسدەکات و دەڵێت: 'دوورکەوتنەوە لە دەنگی بەرز و بەردەوام، کەمکردنەوەی گوشاری دەروونی، خەوی رێک، دوورکەوتنەوە لە کێشانی جگەرە و نێرگەلە، یۆگا، بەکارهێنانی بیستۆکی گوێ بۆماوەیەکی کەم' دەشێت رێگەی کاریگەر بن بۆ کەمکردنەوە و پێشگیریکردن لە زرینگانەوەی گوێ. 
 
ناوەندی کلیڤلاندی پزیشکی رایدەگەیێنێت، نزیکەی 50 ملیۆن ئەمریکی گیرۆدەی زرینگانەوەی گوێن و خزمەتگوزاریی تەندروستیی نیشتمانیی لە بەریتانیاش دەریدەخات، شەش ملیۆن هاووڵاتیی بەریتانی گیرۆدەن بە جۆرە جیاوازەکانی زرینگانەوەی گوێ. 
 
دامەزراوەی خۆراک و دەرمان FDA لە ئەمریکا رایدەگەیێنێت، دەرمانەکانی وەکو ' ئازارشکێنەکان، دژەبەکتریاکان، چارەسەرە کیمیاییەکان، میزپێکەرەکان، دژەمەلەریا و هەندێک جۆری دەرمانی خەمۆکی' دەشێت هۆکار بن بۆ زۆربوون و تووشبوون بە زرینگانەوەی گوێ.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە