رووداو دیجیتاڵ
دادگەی کەتنی هەولێر بە تاوانی فرۆشتنی دەرمانی "ساختە و کۆپی و بێ کوالێتی" بڕیاری داخستنی شەش دەرمانخانە و دوو کۆگەی دەرمانی داوە، هاوکات بڕیاری زیندانیکردن بۆ شەش پزیشک دەرچووە و دوو پزیشکی پسپۆڕیش بە پێبژاردن سزادراون.
بەگوێرەی نووسراوێکی دادگەی کەتنی هەولێر کە ئەمڕۆ سێشەممە، 21ـی شوباتی 2023، کۆپییەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، دوێنێ دووشەممە دادگەی کەتنی هەولێر بڕیاری زیندانیکردنی بۆ شەش کەس دەرکردووە بۆ ماوەی شەش مانگ کە چواریان یاریدەدەری پزیشکن و یەکێکان ژمێریارە و یەکێکی دیکەیان فەرمانبەری وەزارەتی تەندروستییە و لە کۆگەیەکی دەرمان بە ناوی (گ) کاری کردووە.
هەر بەپێی بڕیارەکەی دادگەی کەتنی هەولێر، دوو پزیشکی پسپۆڕ بەپێبژاردنی 250 هەزار دینار سزادراون.
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی لە دادگەی کەتنی هەولێر دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتوون، ئەم دۆسیەیە بۆ ساڵی 2018 دەگەڕێتەوە، نزیکەی دوو مانگە گەیشتووەتە دادگەی کەتنی هەولێر. ئەو دوو مانگەش بۆیە دواکەوتووە نوێنەری سەندیکای دەرمانسازان لە دانیشتنەکان ئامادە نەدەبوو، ئەگینا زووتر بڕیاری لەبارەوە دەدرا.
هەر بەپێی زانیارییەکان، لە 2018 کاتێک لیژنە رۆیشتووەتەسەر دەرمانخانەکان هەر ئەو کات ئەو شەش کەسە بڕیاری راگرتنیان بۆ دەرکراوە و بۆ ماوەی پێنج رۆژ راگیراون و دواتر بە کەفالەت ئازادکراون، ئێستا دەبێت سزاکەیان وەربگرن و هەر دوێنێ دەستگیرکراون.
لەلایەکی دیکەوە دادگەی کەتنی هەولێر بڕیاری داخستنی شەش دەرمانخانە و دوو کۆگەی دەرمانی دەرکردووە بۆ ماوەی شەش مانگ، هۆکاری داخستنی ئەو دەرمانخانانە بەهۆی فرۆشتنی دەرمانی قاچاخ و کۆپی و بێ کوالێتی بووە، هاوکات ئەو دەرمانانەیان فرۆشتووە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان قەدەخەی کردوون.
بەگوێرەی بڕیارەکەی دادگەی کەتنی هەولێر و زانیارییەکانی وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەو شەش دەرمانخانە و دوو کۆگە دەرمانەی کە بڕیاری داخستنیان بۆ ماوەی شەش مانگ بۆ دەرکراوە ئەمانەن:
- دەرمانخانەی رۆژ
- دەرمانخانەی بیمار
- دەرمانخانەی هاوس فارما
- دەرمانخانەی هەپی
- دەرمانخانەی ئەمیر
- دەرمانخانەی زەل
- کۆگەی دەرمانی گوڵان و دارالدواء
لەبارەی کوالێتیی دەرمان و هاوردەکردنی دەرمانی قاچاخ بۆ هەرێمی کوردستان چەندین جار لە بەرنامەی رەنج سەنگاوی کاری لەسەرکراوە، تەنیا مانگی رابردوو دوو تەوەری بەرنامەکە تایبەت بوو بەو پرسە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ