رووداو - تەندروستی
لەبەردەم سەنتەری دڵ لە هەولێر چەندان کەسوکاری نەخۆش چاوەروانی ئەنجامی نەشتەرگەریی ئازیزانیانن و کوڕی نەخۆشێک کە باوکی قەستەرە، شەبەکە و باڵۆنی بۆ کراوە، دەڵێت: ''ئەگەر پارەمان نەبایە، ئەوا باوکم بە جەڵتە دەمرد''.
رێبوار ئیبراهیم بەهۆی خراپیی دۆخی داراییان قەرزی کردووە تاوەکو نەشتەرگەری بۆ باوکی بکات و دەڵێت: ''هەر کەهاتین گوتیان برۆن بۆ بەشی ژمێریاری و پارەی قەستەرە، شەبەکە و باڵۆنەکە بدەن، هەر زوو پارەمان پەیداکرد ئەگەر پارەمان پەیدا نەکردبا، ئەوا رەنگە باوکم جەڵتەی لێی دابایە و نەشتەرگەرییان بۆ نەدەکرد''.
هەرچەندە سەنتەری دڵ سەر بەوەزارەتی تەندروستییە، بەڵام بینینی نەخۆش و نەشتەرگەرییەکانی بە پارەیە و بەشێوەی پالپشتیکراوە، بەجۆرێک سەرۆکی بەشی قەستەرەی سەنتەری دڵ لە هەولێر دەڵێت: نرخەکانیان بەراورد بە نەخۆشخانە تایبەتەکان 20٪ بۆ 25٪ کەمترە.
د. شوان عوسمان، سەرۆکی بەشی قەستەرەی سەنتەری دڵ دەڵێت: ''نەشتەرگەرییەکان لێرە بە کوالێتییەکی باشتر دەکرێن و هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و ئەوروپاش نییە''.
شوان سالار، کەسوکاری نەخۆشێکە و دەڵێت: ''نرخەکان لێرە بە بەراورد بە نەخۆشخانە ئەهلییەکان پارەیەکی رەمزییە داوا لە وەزارەتی تەندروستی و حکومەت دەکەم هاوکاریی زیاتری خەڵک بکەن"
بەهۆی نەبوونی ئامێری پێویست بۆ نەشتەرگەرییەکانی دڵ لە نەخۆشخانە حکومییەکان سەرجەم نەخۆشخانی دڵ لە نەخۆشخانە و فریاکەوتنەکان رەوانەی سەنتەری دڵ دەکرێن، ئەمەش وایکردووە بەشێک لە نەخۆشان نیگەران بکات.
* تێچووی قەستەرە لە سەنتەری دڵ 320 هەزار دینارە، بەڵام لە نەخۆشخانە ئەهلییەکان بە نزیکەی 750 هەزار دینارە.
* تێچووی شەبەکە و باڵۆن لە سەنتەری دڵ بە 850 هەزارە، بەڵام لە نەخۆشخانە ئەهلییەکان بە نزیکەی 4 ملیۆن 500 هەزار دینارە.
* نەشتەرگەریی کردنەوەی سینگ لە سەنتەری دڵ بە 3 ملیۆن و 500 هەزار دینارە، بەڵام لە نەخۆشخانە ئەهلییەکان زیاتر لە 10 ملیۆن دینارە.
بەپێی ئامارەکانی سەنتەری دڵ لە ساڵی رابردوو، 13 هەزار و 500 نەشتەرگەری کردنەوەی سینگ، شەبەکە و باڵۆن لەگەڵ قستەرە کراون، لەو ژمارەیە 59٪ـی نەخۆشان خەڵکی هەرێمی کوردستان و 41٪ـیشان خەڵکی خوار و ناوەڕاستی عێراق بوونە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ