دوو مانگە دووکانەکانى فرۆشتنى نێرگەلە لە موسڵ داخراون

20-12-2022
هەستیار قادر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ماوەى دوو مانگە دووکانەکانى فرۆشتنى نێرگەلە لە شارى موسڵ داخراون بەگومانى تێکەڵکردنی ماددەى هۆشبەر. قایمقامى شارەکە دەڵێت: "جۆرێک لە نێرگەلەى ئەلیکترۆنى هاوردەکراو، ماددەى هۆشبەرى تێکراوە و نموونەی پشکنینمان ناردووە بۆ تاقیگەکانى بەغدا".
 
لە 22ى تشرینى یەکەمى رابردووەوە بە بڕیارى دەزگاى ئاسایشى نیشتمانیى نەینەوا، فرۆشتنى نێرگەلە قەدەخەکراوە و دووکانەکانى فرۆشتنى تووتنى نێرگەلە و نێرگەلەى ئەلیکترۆنى داخراون.
 
ئەمین فەنەش، قایمقامى موسڵ بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، تووتنى نێرگەلەکانیان ناردووە بۆ تاقیگەکانى بەغدا و چاوەڕوانى گەڕانەوەى ئەنجامەکانیانن. گوتیشى: "ئەو رێکارانە لەسەر بنەماى سکاڵاى ژمارەیەک هاووڵاتی بووە".
 
قایمقامی موسڵ ئاشکرای کرد: "دەرکەوتووە جۆرێک نێرگەلەى ئەلیکترۆنى هاوردەکراو ماددەى هۆشبەرى تێدابووە، جگە لەوەش مەرجى سەلامەتى تێدا نەبووە".
 
بەگوێرەى ئامارەکانى فەرمانگەى تەندروستیی نەینەوا، لە ماوەى دوو ساڵدا 5000 تووشبووى شێرپەنجە لەو پارێزگایە تۆمارکراون کە یەکێک لە هۆکارەکانى، بۆ نێرگەلە کێشان گەڕاندووەتەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە