فیفا، تەندروستیی جیهانی و قەتەر یەکەم چالاکیی تەندروستی لە مۆندیالدا ئەنجامدەدەن

رووداو تەندروستی

رێکخراوی تەندروستیی جیهانی بە هاوکاری لەگەڵ تەندروستیی گشتیی قەتەر و فیفا یەکەم چالاکیی تەندروستی لەژێر ناونیشانی ''قسە بکە بە کردار" ئەنجامدەدەن.
 
وەزارەتی تەندروستیی گشتیی قەتەر و رێکخراوی تەندروستیی جیهانی بە هاوکاری لەگەڵ فیفا و لیژنەی باڵای راگەیاندن، یەکەم چالاکیی لەژێر ناونیشانی "قسە بکە بە کردار" لە پێناو تەندروستیی گشتی ئامادەبووان و هاندەرانی مۆندیال لە قەتەر ئەنجامدەدەن.
 
لە دۆحەی پایتەختی قەتەر بەمەبەستی ئەنجامدانی تەندروستترین مۆندیالی جیهان، چالاکییەکی وەرزشی و تەندروستیی ئەنجامدرا، سێ هەزار و 500 کەس لە تەمەنە جیاوازەکان بەشداری چالاکییەکەیان کرد، بەجۆرێک لە پارکی ئەلبیدا دەستیپێکرد و دوو رێگەی سەرەکی تەرخانکرابوون کە لە شوێنە گرنگەکانی دۆحە پێکدەهاتن.      
 
دکتۆر حەنان محەممەد، وەزیری تەندروستیی گشتیی قەتەر دەڵێت: ''وەرزش و چالاکییە بەردەوامەکان وەکو رۆیشتن بە پێ، نەک تەنیا بۆ پاڵپشتی تەندروستیی جەستەیی باشە، بەڵکو دەرووندروستیش دەپارێزێت، سوپاس بۆ ئەوانەی یارمەتیدەربوون بۆ ئەوەی ئەمە ببێتە ئاهەنگێکی راستەقینەی تەندروستی.'' 
 
وەزیری تەندروستیی قەتەر هەروەها رایدەگەیێنێت، ئامادەکارییەکانیان لە پێشکێشکردنی خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان جێبەجێکردووە و سەنتەری نیشتمانیی رووداوەکانی چاودێریی تەندروستی لە هاوئاهەنگی بەردەوامدایە لەگەڵ دەسەڵاتە پەیوەندیدارەکانی وڵات بۆ  پێشبینیکردنی هەر حاڵەتێکی لەناکاو و چارەسەرکردنی هەر دۆخێكی نەخوازراو بەخێرایی.
 
فاتیمە سامورا، سکرتێری گشتیی فیفا بە بەشداربووانی گوت: ''دەمانەوێت دایک، باوک و هاوڕێکانتان بانگهێشتبکەن، نەک تەنیا لە یاریگەکان سەیری یارییەکان بکەن، بەڵکو هەموو رۆژێک لانیکەم 60 خولەک وەرزش بکەن، وەکو تۆپی پێ یاخود زومبا، گرنگ ئەوەیە دەبێت چالاکت بکات و وزەت پێببەخشێت."
 
دکتۆر تێدرۆس ئادهانۆم، بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت: ''زنجیرەی 'قسە بکە بە کردار' بریتییە لە کۆکردنەوەی خەڵک، بۆ بەرەوپێشبردنی گرنگی تەندروستی، هەروەها چێژوەرگرتن لە سوودەکانی وەرزش و چالاکیی جەستەیی.''
 
یەکێتی تۆپی پێی فیفا، رێکخراوی تەندروستیی جیهانی و لیژنەی باڵای گەیاندنی فیفا بە هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستیی گشتیی قەتەر رایگەیاند کاردەکەن بۆ ئەنجامدانی مۆندیالێکی تەندروست، هاوکات تەندروستیی جەستەیی و دەروونی بۆ خەڵکی قەتەر بەرەوپێشدەبەن.
 
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی پشتڕاستیشی دەکاتەوە رێوشوێنی تووند دەگرنەبەر بۆ پێشگیریکردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە گوازراوەکان لە کاتی مۆندیال.