لە سلێمانی رێکخراوێک رێزلێنان پێشكێشی ئەو دەرچووانەی زانکۆ دەکات کە تووشبووی تالاسیمیان

رووداو - تەندروستی

لە سلێمانی رێکخراوێک رێزلێنان پێشكێشی ئەو دەرچووانەی زانکۆ دەکات کە تووشبووی تالاسیمیان، دەرچوویەک دەڵێت: کاری لەم شێوەیە هاندانێکی گرنگە بۆ تووشبووانی نەخۆشییە درێژخایەن و پێداویستییە تایبەتییەکان.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 20ـی ئابی 2024 رێکخراوی CDO بە هاوکاری کۆمەڵەی تالاسیمیای کوردستان خەڵاتی رێزلێنانی بەخشییە ئەو تووشبووانەی نەخۆشیی تالاسیمیا کە لە زانکۆ دەرچوون، کەیوان ئەمین تووشبوویەکی تالاسیمیایە و دەڵێت: ''دانەمەزراندنمان یەکێکە لە کێشە سەرەکییەکان کە رووبەڕوومان دەبێتەوە'': 
 
کەیوان ئەمین دەشڵێت: ''دوای دەرچوونمان تووشبووانی تالاسیمیا پێویستیان بە دامەزراندنە، چونکە وێڕای کێشەی کەمیی خوێن و کاریگەرییە لاوەکییەکانی نەخۆشییەکەمان، کێشەی نەبوونی هەلی کارمان هەیە''.
 
رێکخراوی گەشەپێدانی مەدەنییەت CDO لە سلێمانی خەڵاتی رێزلێنانی بەخشییە ئەو دەرچووانەی زانکۆ کە تووشبووی تالاسیمیان، ئامانجی سەرەکیش لە خەڵاتەکە پاڵپشتیکردنی تووشبووانی تالاسیمیایە لە بواری خوێندنی باڵا و کۆڵنەدانیان لە خوێندن.
 
تالاسیمیا چییە؟
 
بە گوێرەی کۆمەڵەی پسپۆڕانی خوێن لە ئەمریکا نەخۆشیی تالاسیمیا بۆماوەییە و خڕۆکە سوورەکانی خوێن و هیمۆگڵۆبین کەمدەبنەوە، هەروەها هۆکارەکەی نەزانراوە، بەڵام ئەگەر دایک و باوک هەردووکیان هەڵگر بوون ئەوا منداڵی تووشبوویان دەبێت.
 
نیشانەکانی؛ 
 
- بێهێزی
- لاوازیی گەشە
- ئەستووربوونی جەستە
- زەردوویی
- کەمبوونەوەی خرۆکە سوورەکانی خوێن
 
چارەسەر؛ 
 
- گواستنەوەی خوێن بە بەردەوامی
- چاندنی مۆخ
 
رێگەکانی خۆپارێزی؛
 
- پشکنینەکانی خوێن و بۆماوەیی
- پشکنینەکانی پێش هاوسەرگیری
- هاوسەرگیری نەکردن لەنێوان دوو کەسی تووشبوو یان دوو کەسی هەڵگری نەخۆشییەکە