لە بەریتانیا بە رۆبۆت راهێنانی گەڕاندنەوەی جووڵە بۆ جەڵتەلێدراوان دەکرێت

رووداو - تەندروستی

لە شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا، هەوڵدەدرێت لە بری پەرستار و چارەسەرکاری سرووشتی، بە رۆبۆت راهێنان بە رزگاربووانی جەڵتەی مێشک بکرێت بۆ ئەوەی جووڵەی دەست و قاچیان بۆ بگەڕێتەوە.
 
ئامێرێک لە سەری نەخۆشەکە دەکرێت؛ ئامێرەکە ئاماژەکانی مێشک دەدۆزێتەوە و دەیاننێرێت بۆ رۆبۆتێک؛ رۆبۆتەکە ئاماژەکان وەردەگرێت و هەمان ئەو جووڵانە دەکات کە نەخۆشەکە بیری لێدەکاتەوە، بۆ ئەوەی نەخۆشەکە بزانێت چۆن کۆنتڕۆڵی جووڵەکانی بکات.
 
جەیک مکدۆناڵدی تەمەن 59 ساڵ، ئاداری ئەمساڵ بەهۆی جەڵتەی مێشکەوە، دەست و قاچی نیمچە ئیفلیج بوون. دەچێتە ناوەندێکی تەندروستی لە شاری ئیدنبەرەی سکۆتلاند بۆ ئەوەی راهێنان لەسەر جووڵاندنەوەی پەلەکانی بکات.
 
بەڵام ئەوەی جووڵەکانی فێردەکات، مرۆڤ نییە، بەڵکو رۆبۆتە؛ جەیک مکدۆناڵد، تووشبووی جەڵتەی مێشک دەڵێت: "سەیرە. لەبەرئەوەی شەش مانگی رابردوو خووم بە راهێنەرێکی مرۆڤەوە گرتبوو، ئێستا زەحمەتە ئەمە شوێنی بگرێتەوە و تەنیا ئەمەت هەبێت. بەڵام خەڵکەکە پەراوێزخراون. کە لەسەر قەرەوێلەکەم لە نەخۆشخانە دادەنیشم، دەبینم راهێنەرەکانی نەخۆشخانەکە زۆر سەرقاڵن. بۆیە ئەم رۆبۆتە شتێکی باشە بۆ کارلێککردن لەگەڵ ئەو کەسانەی پێویستیان بە راهێنەر هەیە."
 
نزیکەی 80٪ـی تووشبووانی جەڵتەی مێشک، تووشی ئیفلیجبوون و پەککەوتنی دەست و قاچیان دەبن.
 
گەڕاندنەوەی جووڵە بۆ دەست و قاچ، پێویستی بە راهێنانی زۆر دووبارەبوو هەیە، کە سەرەتا لە لایەن راهێنەرانی تایبەتمەندەوە رێنمایی دەکرێن، بەڵام دواتر نەخۆشخەکان لە ماڵەوە، بە سەیرکردنی ڤیدیۆ، بە خۆیان راهێنان دەکەن بێ ئەوەی کەسێک رێنووێنیان بکرێت.
 
لین بەیلی، پرۆفیسۆری زانستی کۆمپیوتەرە و پێیوایە لەم کارەدا رۆبۆتەکان ناتوانن شوێنی مرۆڤ بگرنەوە، بەڵام بەهۆی کەمیی ژمارەی راهێنەران، ناچارن پەنا بۆ رۆبۆت ببەن. 
 
لین بەیڵی، مامۆستای زانستی کۆمپیوتەر لە زانکۆی هێریەت وات دەڵێت: "ئەوەی ئاشکرامان کردووە ئەوەیە، کاتێک نەخۆشەکە درک بەوە دەکات کە خۆی رۆبۆتەکە کۆنترۆڵ دەکات، ئەو هەستەیان لا دروست دەبێت کە خۆیان شتەکان کۆنترۆڵ دەکەن. هەروەها هەست بەوەش دەکەن کە رۆبۆتەکە لەگەڵیاندا راهێنان دەکات، وەک ئەوەی لەگەڵ مرۆڤێک راهێنان بکەیت. دەبینی نەخۆشەکان دەجوڵێنەوە، هاوشێوەی رۆبۆتەکان جووڵە دەکەن."
 
بەکارهێنانی ئەم رۆبۆتانە هێشتا پڕۆژەیەکی لە ژێر تاقیکردنەوەدایە بە ناوی ڤایتەڵایز. لە لایەن یەکێتیی ئەورووپاوە سەرپەرشتی و پارەدار دەکرێت کە رۆبۆتێکی لەم جۆرە، نرخەکەی 13 هەزار دۆلارە.