لە ئوسترالیا شەپۆلێکی نوێی کۆرۆنای گۆڕاو بڵاودەبێتەوە

رووداو - تەندروستی

جۆرێکی نوێی کۆرۆنای گۆڕاو لە ئوسترالیا بڵاودەبێتەوە و وەزارەتی تەندروستیی وڵاتەکە رایدەگەیەنێت، ئەم جۆرە نوێیە خێراتر لەوانی رابردوو دەگوازرێتەوە. 
 
بە گوێرەی گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ئوسترالیا، جۆرە نوێیەکە ناوی 'LB.1' و چەندین تووشبووی ئەم ڤایرۆسە لە نەخۆشخانەکانی وڵاتەکە تۆمارکراون.
 
پاول گوفرین، پسپۆڕی نەخۆشییە گوازراوەکان لە زانکۆی کوینسلاند دەڵێت، '' نیشانەکانی ئەم جۆرە نوێیە تووندتر نین لەوانی رابردوو، بەڵام ئەمەیان خێراتر دەگوازرێتەوە بەراورد بە جۆرەکانی دیکە''.
 
پاول گوفرین دەشڵێت، چاوەڕێدەکرێت لەم زستانە زۆرترین تووشبووی ئەم ڤایرۆسە تۆماربکرێن.
 
ناوەندی پێشگیری و کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشییەکان لە ئەمریکا پێشنیاز دەکات، لە تەمەنی شەش مانگییەوە ڤاکسینی کۆڤید-19 وەربگیرێت، ''چونکە دەکرێت پێشگیری لە ئەنفلەوەنزا و ڤایرۆسی RSVـیش بکات''.