ئەندامێکی باڵای سەندیکای بایۆلۆژیی کوردستان: 12 ساڵە نرخی تاقیگە پزیشکییەکان رێکنەخراوە

12 کاژێر له‌مه‌وپێش
شکار رێبوار
کارمەندێکی تاقیگە پشکنین دەکات. وێنە: رووداو
کارمەندێکی تاقیگە پشکنین دەکات. وێنە: رووداو
A+ A-
رووداو - تەندروستی

ئەندامێکی باڵای سەندیکای بایۆلۆژیی کوردستان رایدەگەیەنێت، لە ساڵی 2012ـەوە نرخاندن و رێکخستنەوەی نرخ لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە بۆ پشکنینە تاقیگەییە تایبەتەکان نەکراوە.
 
ئەمڕۆ شەممە 20ـی تەممووزی 2024 ئیسماعیل حەمەئاغا، پسپۆڕی بایۆلۆژی و ئەندامی باڵای سەندیکای بایۆلۆژیی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، وەزارەتی تەندروستی سێ بۆ چوار ساڵ جارێک نرخاندنی دەکرد بۆ تاقیگە پزیشکییە تایبەتییەکان، بەڵام 12 ساڵە ئەوە نەکراوە، ئەمەش هۆکارێکی جیاوازیی نرخەکانی ئێستایە.
 
ئیسماعیل حەمەئاغا دەڵێت: کارەکانی رێکخستنەوەی نرخ لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە دواکەوتوون و بە سستی رێکارەکانی کۆنتڕۆڵکردنی نرخ و کوالێتیی تاقیگە تایبەتەکان بەڕێوەدەچن.
 
ئەو ئەندامە باڵایەی سەندیکای بایۆلۆژیی کوردستان ئاشکرای دەکات، ناڕێکی لە رێکخستنەوەی پسپۆڕییە پزیشکییەکاندا هەیە، بەتایبەت لەنێو کارمەندانی تاقیگەکان، چونکە پسپۆڕییە جیاوازەکان کارەکانی یەکدی دەکەن و ئەوەش پێویستی بە دووبارە رێکخستنەوەیە بۆ بەرزکردنەوەی کوالێتیی پشکنینی تاقیگەکان.
 
بە گوتەی ئیسماعیل حەمەئاغا، رێککەوتن لەنێوان تاقیگە و پزیشکەکان دا هەیە و دەڵێت: ''بەداخەوە ئەوانە ویژدانی کاری پزیشکییان پشتگوێخستووە''.
 
لە هەرێمی کوردستان نرخی پشکنینە تاقیگەییە پزیشکییەکان رێک نەخراوە و ئەمەش کێشەی بۆ هاونیشتمانییان دروستکردووە.
 
لە بەدواداچوونێکی رووداو دا دەرکەوت، تەنیا چوار پشکنین لە تاقیگەیەک 103 هەزار دینار بوو، بەڵام لە یەکێکی دیکە 27 هەزار دینار، کاتێک ئەنجامەکانیش پێشانی پزیشکێکی پسپۆڕ درا، هەمان ئەنجامیان هەبوو بۆ دەرکەوتنی بارودۆخی نەخۆشەکە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە