''مەرج نییە تاقیگە پزیشکییە نرخ گرانەکان، ئەنجامەکانیان دروست بێت''

15 کاژێر له‌مه‌وپێش
شکار رێبوار
هەڵۆ سیراجەدین، پسپۆڕی مایکرۆبایۆلۆژی و سەرپەرشتیاری تاقیگەیەکی پزیشکی. وێنە: رووداو
هەڵۆ سیراجەدین، پسپۆڕی مایکرۆبایۆلۆژی و سەرپەرشتیاری تاقیگەیەکی پزیشکی. وێنە: رووداو
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

سەرپەرشتیاری تاقیگەیەکی پزیشکی ئاشکرای دەکات، ئەو تاقیگانەی کوالێتیی کۆنتڕۆڵ بۆ ئامێرەکانیان دەکەن، نرخی پشکنینەکانیان بەرزە، بەڵام مەرج نییە هەموویان ئەنجامەکانیان دروست بێت، تەنانەت دەڵێت: ''بەشێکی تاقیگەکان پابەندی کوالێتیی کۆنتڕۆڵ نابن''.
 
ئەمڕۆ شەممە 20ـی تەممووزی 2024 هەڵۆ سیراجەدین، پسپۆڕی مایکرۆبایۆلۆژی و سەرپەرشتیاری تاقیگەیەکی پزیشکی لە بەرنامەی نوورۆژی رووداودا رایگەیاند، هۆکاری سەرەکیی جیاوازیی نرخی تاقیگە پزیشکییەکان، بۆ جیاوازیی کوالێتیی ئامێر و کەرستەی پشکنینەکانی تاقیگەکان دەگەڕێتەوە.
 
هەڵۆ سیراجەدین، پسپۆڕی مایکرۆبایۆلۆژی و سەرپەرشتیاری تاقیگەیەکی پزیشکی روونی دەکاتەوە، بەشێکی هەرزانیی نرخی تاقیگەکان بۆ نەبوونی کوالێتی و کۆنتڕۆڵی ئامێر و پشکنینەکانی ئەو تاقیگەیە دەگەڕێتەوە، ئەمەش وادەکات پشکنینەکان پشتیان پێنەبەسترێت.
 
هەڵۆ سیراجەدین گرانیی نرخی پشکنینە پزیشکییەکان بە مەرج دانانێت بۆ باشی و بەرزیی کوالێتیی تاقیگە و وردیی ئەنجامەکان و دەڵێت: ''دەشێت تاقیگەیەک نرخی پشکنینەکانی زۆر بەرز بێت، بەڵام کارمەندەکانی لە ئاستی بەرزدا نەبن و هەڵە لە ئەنجامی پشکنینەکان رووبدات''.
 
لەبارەی جیاوازیی ئەنجامی پشکنینەکان لەنێوان تاقیگە پزیشکییەکان ئەو گوتی، هەرچەندە لە وەزارەتی تەندروستییەوە تاقیگەکان ئاگادارکراونەتەوە لەوەی کە هەر کەرستەیەکی تاقیگە پێویستە بە کوالێتیی کۆنتڕۆڵدا تێپەڕببێت، بەڵام بەشێکی تاقیگەکان پابەندی ئەو بڕیارە نین.
 
لە کۆتایی قسەکانیدا باسی رێککەوتنی نێوان پزیشک و تاقیگەکان دەکات و دەڵێت: ''پێویستە پزیشکەکان کاتێک تاقیگەیەک بۆ نەخۆش هەڵدەبژێرن، لەپێناو کوالێتیی تاقیگە و دڵنیایی لە ئەنجامەکانی بێت، نەک لەپێناو رێککەوتنی مادی و وەرگرتنی قازانج''.
 
لەبارەی جیاوازیی نرخی پشکنینە تاقیگەییە پزیشکییەکان رووداو بۆچوونی چەند هاونیشتمانییەکی وەرگرتووە؛ یەکێکیان دەڵێت: ''هەر تاقیگەیەک و نرخێکە و تەنانەت ئەنجامەکانیشیان جیاوازن''.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە