لە هەرێمی کوردستان نرخی پشکنین لە تاقیگە پزیشکییەکان هاوتانەکراوە

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
فەرهاد دۆڵەمەری
فەرهاد دۆڵەمەری @farhaddolamari
تاقیگەیەکی پزیشکی. وێنە: رووداو
تاقیگەیەکی پزیشکی. وێنە: رووداو
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

لە هەرێمی کوردستان نرخی پشکنینە تاقیگەییە پزیشکییەکان رێک نەخراوە و ئەمەش کێشەی بۆ هاونیشتمانییان دروستکردووە.
 
لە بەدواداچوونێکی رووداو دا دەرکەوت، تەنیا چوار پشکنین لە تاقیگەیەک 103 هەزار دینار بوو، بەڵام لە یەکێکی دیکە 27 هەزار دینار، کاتێک ئەنجامەکانیش پێشانی پزیشکێکی پسپۆڕ درا، هەمان ئەنجامیان هەبوو بۆ دەرکەوتنی بارودۆخی نەخۆشەکە.
 
دەمانەوێت پشکنین بکەین تاوەکو بزانین ئەنجامی پشکنینەکان و نرخەکانیان چۆنن، کارمەندی تاقیگەکە فۆرمی ئەو پشکنینانەی بۆ ئامادەکردم کە دەمەوێت بیانکەم، پشکنینی پێکهاتەکانی خوێن، فەرمانەکانی گورچیلە، شەکرەی سێ مانگی و ڤیتامین D تێچووەکەی 103 هەزار دینار بوو لە تاقیگەی یەکەم، دوای وەرگرتنی نموونەی خوێنەکە و دەرکەوتنی ئەنجامەکەی، لە بەڕێوەبەری تاقیگەکەم پرسی هۆکاری گرانیی نرخەکان چین؟
 
فەرمان کاوانی، بەڕێوەبەری تاقیگەیەکی پزیشکی گوتی، ''راستە ئێمە نرخەکانمان کەمێک بەرزە، بەڵام کوالێتیشمان بەرز و باوەڕپێکراوە، جگە لەمەش ئێمە تێچووی رۆژانەی خەرجییەکانمان زۆرن وایکردووە کە نرخەکان بەرزبن، کە نەخۆش دێتە ئێرە پشکنین دەکات پێویست ناکات بڕوات لە چەند شوێنی دیکەش پشکنین بکاتەوە تاوەکو لە ئەنجامەکان دڵنیاببێتەوە".
 
دوای دەرچوونی ئەنجام و نرخەکان لە تاقیگەی یەکەم دەمانەوێت بچینە تاقیگەیەکی دیکە لە شەقامی پزیشکانی هەولێر، ئەم تاقیگەیە پێیوایە نرخەکانی بەراود بە تاقیگەکانی دیکە هەرزانترن، لێرەش هەمان پشکنینەکانمان دووبارەکردنەوە، بەڵام تێچووی پشکنینەکان 27 هەزار دینار بوو، خاوەنی تاقیگەکە هۆکاری گرانیی نرخی پشکنینەکان لە بەشێک لەتاقیگەکان بۆ هەبوونی پەیوەندیی نێوان پزیشک و خاوەن تاقیگەکە دەگەڕێنێتەوە ئەمەش ''بارگرانییە لەسەر نەخۆش''.
 
لاوین رێبوار، خاوەنی تاقیگەی پزیشکی دەڵێت: ''هۆکاری گرانیی نرخی پشکنینەکان بۆ پەیوەندیی نێوان تاقیگە و دکتۆرەکان دەگەڕێتەوە، بەشێک لە تاقیگەکان لەگەڵ دکتۆرەکان رێککەوتوون کە خەرجیی سکرتێرەکان و کرێی شوێنەکانیان بۆ بدەن لەگەڵ چەند دیارییەک؛ ئەمەش وایکردووە کە بارگرانیەکە بۆ نەخۆش بێت و نرخەکان بەرزبنەوە".
 
لە ماوەی کاژێر و نیوێک لە چوار تاقیگە شەش پشکنینی وەک یەکم ئەنجامدا، بەجۆرێک پشکنینی یەکەم 27 هەزار، پشکنینی دووەم 52 هەزار، پشکنینی سێیەم 80 هەزار و پشکنینی چوارەمیش بە 103 هەزار دینار بوو.
 
د. مستەفا عوسمان، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی گورچیلەیە، لەکۆی ئەو شەش پشکنینەی کردوومە سێیان تایبەتن بە فەرمانەکانی گورچیلە، دەمەوێت بزانم ئەنجامی پشکنینی چوار تاقیگەکەم چۆن بۆ یەکلایی دەکاتەوە.
 
د. مستەفا ‌عوسمان، پسپۆڕی نەشتەرگەرییەکانی گورچیلە گوتی، ''پشکنینەکان ژمارەکانیان لێکنزیکە و بەپێی ئەمانە بێت تۆ هیچ چارەسەرێکت ناوێ؛ تەنیا پێویستت بە خۆپارێزییە، ئێمە تەنیا لەسەر پشکنینەکان بڕیار لەسەر چارەسەری بۆ نەخۆش نادەین، جگە لەمە پشکنینی بە فیزیایی و چەند پشکنینێکی دیکە بۆ نەخۆش دەکەین تاوەکو بگەین بە ئەنجامێک بۆ ئەوەی دەرمان بۆ نەخۆش بنووسین".
 
بەشێک لە تاقیگەکان لە رێگەی تۆرەکۆمەڵایەتییەکان بانگەشە بۆ داشکان و کەمیی نرخ دەکەن، لە ئۆفەر و نرخەکانیان دەردەکەوێت کە تاوەکو ئێستا نرخی پشکنینەکان لە تاقیگەکان هاوتانەکراوە، بەجۆرێک پشکنین هەیە کە لە هەندێک تاقیگە تەنیا هەزار دیناری تێدەچێت، بەڵام لە هەندێک تاقیگەش هەمان پشکنین 20 بۆ 25 هەزار دینارە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە