چارەسەرێکی نوێ بۆ نەخۆشیی فرەڕەقبوونی دەماری MS پێشنیاز دەکرێت

20-06-2024
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی 
 
توێژەران لە بەریتانیا چارەسەرێکی نوێ بۆ نەخۆشییەکی درێژخایێن تاقیدەکەنەوە و پسپۆڕێکیش دەڵێت: نیشانەکانی نەخۆشییەکە کەمدەکاتەوە.
 
توێژەران لە زانکۆی کامبریج لە ئینگلاند بەشێک لە خانەکانی بەرگریی جەستە دەچێنن تاوەکو ئەو هەوکردنەی بەهۆی نەخۆشیی فرەڕەقبوونی دەمارییەوە دروست دەبێت، بنبڕی بکەن و تووشبووەکە چاک بکەنەوە.
 
پڕۆفیسۆر ئادریان لیستۆن، سەرپەرشتیاری تاقیکردنەوەکە دەڵێت: بەشێک لە خانەی تایبەتمەندی بەرگریی جەستە بەکاردەهێنین بۆ چارەسەرەکە، چونکە ئەو خانانە کاردەکەن بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریی هێرشکردنە سەر خانەکانی جەستە و سیستمی بەرگریی جەستە دەوەستێنن.
 
بە گوتەی ئەو پڕۆفیسۆرە، دەرمانەکە بەجۆرێک کاردەکات کە راستەوخۆ بچێتە نێو کۆئەندامی دەمار و تەنیا لە مێشک و دڕکەپەتک کاربکات، تاوەکو رێگری لە هەوکردنی مێشک و پووکانەوەی دەمارەخانەکان بکرێت.
 
هاوکات ئاماژە بەوەشدەکەن، چارەسەرەکە لە قۆناخی دەستپێکدایە و چەند قۆناخێکی ماوە تاوەکو لەسەر مرۆڤ تاقیبکرێتەوە.
 
بە گوێرەی مایۆکلینیک، نەخۆشیی فرەڕەقبوونی دەماری MS نەخۆشییەکی بەرگریی دژەخۆییە واتە سیستمی بەرگریی جەستە بە هەڵە هێرشدەکاتە سەر خانەکانی جەستە و وەکو تەنێکی نامۆ دەیانناسێتەوە، بەمەش هەوکردنی تووند دروستدەبێت و خانەکان لەنێودەچن.
 
لە فرەڕەقبوونی دەماری سیستمی بەرگریی هێرشدەکاتە سەر جۆرێک خانە کە دەوری دەمارەخانەکانی داوە و کار دەکاتە سەر دەمارەخانەکانی بەرپرس لە جووڵە، بینین و هاوسەنگی، هەروەها ئەو نەخۆشییە لەڕێگەی چەند پشکنینێکی وردەوە دەستنیشان دەکرێت.
 
نیشانەکانی نەخۆشییەکە
 
- ناڕێکیی لە جووڵە
- کەمبوونەوەی هاوسەنگیی جەستە
- لاوازیی بینین
- لاوازیبوونی بیرکردنەوە و توانای یادگە
-  سڕبوونی پەلەکان
- ئازار
- گرژبوونی ماسوولکەکان
 
مایۆکلینیک ئەو گرووپانە ئاشکرا دەکات کە مەترسیی تووشبوونیان بە MS زۆرە وەکو؛ 
 
- جگەرە و نێرگەلەکێشەکان
- ئەوانەی ڤیتامین Dـیان کەمە
- کێشزۆر و قەڵەوەکان
- تووشبووانی چەند جۆرێک هەوکردنی ڤایرۆسی وەکو ڤایرۆسی EBV
- ئەوانەی کحول، خواردنەوە گازی و وزەبەخشەکان دەخۆنەوە
- خانمان؛ چونکە رێژەی تووشبوون لە خانماندا زیاترە
- ئەوانەی لە وڵاتانی نزیک لە جەمسەرەکانی زەوی دەژین
 
سیلین دیۆن، خانمە گۆرانیبێژی کەنەدی و خاوەنی ئەو گۆرانییەی بۆ فیلمی ''تایتانیک'' بەکارهات لە ساڵی 2022 بە فەرمی تووشبوونی بە نەخۆشیی فرەڕەقبوونی دەماری راگەیاند و لە نوێترین چاوپێکەوتنیدا لە سەرەتای مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ گوتی، نەخۆشییەکە بەجۆرێک پەرەی سەندووە کە کاریگەریی لە دەنگ، هەناسە و جووڵەی کردووە و ناتوانێت گۆرانی بڵێت.
 
ئەو دەڵێت، ساڵی 2008 هەستی بە نیشانە سەرەتاییەکانی نەخۆشییەکە کردووە، تەنانەت دەشڵێت: ''ئێستا تووشی گرژبوونی تووندی ماسوولکەکانی بووە و بەهۆیەوە جووڵە و گۆرانی گوتن و هاوسەنگی جەستەی ناڕێکە''.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە