توێژینەوەیەک: لە ئینگلاند قەڵەوی و شەکرە لە نێو منداڵان زیادیان کردووە

رووداو - تەندروستی 

بەگوێرەی توێژینەوەیەکی نوێ لە ئینگلاند، قەڵەوی و شەکرە لە نێو منداڵانی ئەو وڵاتە زیادیان کردووە و داوا دەکرێت حکومەت کاری جیدی بکات بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو دیاردەیە.
 
راپۆرتێکی دامەزراوەی خێرخوازیی 'خۆراک' لە بەریتانیا ئاشکرای دەکات، لە هەموو پێنج منداڵێکی ئینگلاند منداڵێک قەڵەوە و قەڵەوی لە نێو منداڵانی 10 ساڵ و 11 ساڵ لە ئینگلاند لە 2006ـەوە نزیکەی 30٪ زیادی کردووە.
 
دامەزراوەکە دەڵێت: "لە هەموو پێنج منداڵێک یەک منداڵی تەمەن 10-11 ساڵ قەڵەوە، ئەمەش مەترسیی تووشبوونیان بە شەکرەی جۆری دوو زیاتر دەکات''.
 
لە بەشێکی دیکەی توێژینەوەکە هاتووە، باڵای منداڵانی تەمەن پێنج ساڵ لە 2013ـەوە روو لە کورتبوونە و رێژەی تووشبوون بە شەکرەی جۆری دوو لەنێو ئەوانەی تەمەنیان لە 25 ساڵ کەمترە زیادی کردووە.
 
بە گوێرەی ئامارەکانی نێو راپۆرتەکە، ژمارەی ئەو منداڵانەی لە نێوان ساڵانی 2013 تاوەکو 2021 تووشی شەکرەی جۆری دوو بوون، سێ ئەوەندەی ئەو ژمارەیەیە کە لە ساڵی 2000 تووشی بوون.
 
هێنری دیمبلێبی، راوێژکاری خۆراکیی پێشووی حکومەتی ئینگلاند دەڵێت: "توێژینەوەکە حەپەسێنەرە و جێگەی داخە''، تەنانەت شێوازی ژیانی ناتەندروست بە هۆکاری سەرەکیی بۆ ئەوە دادەنێت.
 
دیمبلێبی داوا دەکات هەر سەرکردەیەک و هەر پارتێک لە هەڵبژاردنی گشتیی ئەمساڵی بەریتانیا بباتەوە، "بڕیاری یەکلاکەرەوە بدات بۆ ئەوەی خواردنی تەندروست هەرزان بێت و خەڵک بتوانن بیکڕن، هەروەها هەڵکشانی خواردنی ناتەندروست و زیانبەخشیش رابگیرێت."