WHO: ساڵانە تووتن، کحول و خۆراکە خێراکان زیاتر لە دوو ملیۆن کەس دەکوژن

20-06-2024
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

نوێترین راپۆرتی رێکخراوەی تەندروستیی جیهانی ئاشکرای دەکات، لە ئەورووپا ساڵانە لانیکەم دوو ملیۆن و 700 هەزار کەس بەهۆی خواردنەوەی کحول، بەکارهێنانی تووتن و خواردنی خۆراکە خێراکانەوە گیانلەدەستدەدەن.
 
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی WHO رایدەگەیێنێت، حکومەتەکان رێنوێنیی تووند و زیاتر بەسەر هاووڵاتییانیاندا بسەپێنن بۆ رێگریکردن لە بەرزبوونەوەی ژمارەی گیانلەدەستدان و باشترکردنی کوالێتیی ژیانی هاووڵاتییانیان.
 
بە گوێرەی ئامارەکانی رێکخراوەکە، 25.5%ـی هۆکاری گیانلەدەستدانی خەڵک بەهۆی تووتن، کحول و خۆراکە خێراکانەوەیە، هاوکات سەرۆکی رێکخراوەکە لە ئەورووپا بە پێویستی دەزانێت باری لەناکاو بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەو بەرهەمانە بگیرێتەبەر.
 
د. هانس هێنری، سەرۆکی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە ئەورووپا دەڵێت: ''چەندان رێکلام و بانگەشەی ناڕاست بۆ ئەو بەرهەمانە دەکرێن کە جگە لە چەواشەکاری و مەبەستی بازرگانی، هیچی دیکەیان تێدا نییە''.
 
رێکخراوەکە چەند رێگەیەک بۆ باشترکردنی شێوازی ژیان و کەمکردنەوەی ئەگەری مردنی پێشوەختە پێشنیاز دەکات وەکو؛ 
 
- بایەخدان بە خواردنی سەوزە و میوەکان
- رێکخستنی کاتی خەو؛ رۆژانە 7 بۆ 9 کاژێر
- زۆرخواردنەوەی ئاو و بە شێدارهێشتنەوەی جەستە
- دوورکەوتنەوە لە کحول، جگەرە و نێرگەلە
- کەمکردنەوەی گوشاری دەروونی و دڵەڕاوکێ
- بایەخدان بە وەرزش و چالاکیی جەستەیی؛ رۆژانە لانیکەم نیو کاژێر بۆ دوو کاژێر وەرزش هەبێت
- کێشڕێکی
- سێکسی تەندروست
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە