رووداو دیجیتاڵ
وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رەزامەندیی داوە لەسەر خەرجکردنی بڕی 800 ملیۆن دینار بۆ پارێزگای سلێمانی وەک بودجەیەکی فریاگوزاری خێرا بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی کۆنترۆڵکردنی سکچوون و رشاندنەوە و رووبەڕووبوونەوەی کۆلێرا."
رۆژی دووشەممە 20-6-2022، کۆبوونەوەی لیژنەی باڵا رووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆلێرا لەسەر ئاستی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی بەسەرپەرشتی د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی ئەنجامدرا.
دوای کۆبوونەوەکە، دکتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: لە کۆبوونەوەکە گفتوگۆکراوە لەبارەی پلان و بەرنامەی تەندروستیی سلێمانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆلێرا و ئەو رێکارانەی دەگیرێتەبەر کە لە هەفتەی رابردووەوە لیژنەکانیان لێپێچینەوەیان تووندوتۆڵتر کردووەتەوە.
وەزیری تەندروستی گوتیشی: هەر لە کاتی کۆبوونەوەکە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رەزامەندیی لەسەر خەرجکردنی 800 ملیۆن دینار وەک بودجەیەکی فریاگوزاریی خێرا بۆ پارێزگای سلێمانی دەربڕیوە، ئەوەش بەمەبەستی دابینکردنی پێداویستییەکانی کۆنترۆڵکردنی سکچوون و رشانەوە.
بە گوتەی وەزیری تەندروستی، "وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان گشتاندنی بۆ هەموو لێپێچینەوەکان بەسەر هەموو شارەوانییەکانی هەرێمی کوردستان کردووە، بۆ ئەوەی سەرچاوەکانی ئاو، چی لە رێگەی بیرەکانەوە بێت یاخود ئەو شەمعانەی لە سلێمانی هەیە، تەنکەرەکان، ئاوی ئیفراز لە دابەشکردن و دابینکردنی شیکاریی شیاوبوونی خواردنەوەی هەبێت بۆ ئەوەی گومان لە خواردنەوەی نەبێت."
وەزیری تەندروستی دەشڵێت: هەندێک بابەتی وەک سەوزەواتەکان کە گومان دەکرێت بە "ئاوی قورس و پیس" کشتوکاڵی بۆ کرابێت، هەروەها بەشێک شەربەت و ئەزبەری قەدەخەکراوە.
وەزیری تەندروستی داوای لە هاونیشتمانییان کرد: لە کاتی تووشبوونیان بە نەخۆشییەکانی سکچوون و رشانەوە سەردانی نەخۆشخانەکان بکەن، چونکە سرووشتی نەخۆشیی کۆلێرا ئەوەیە بە زوو گەیشتن بە نەخۆشخانە دەرەئەنجامی باشی دەبێت بۆ نەخۆش، ئەگەرنا گورچیلەکانیان زیانی پێ دەگات و رەنگە لەکاربکەوێت یاخود پێویستیان بە شووشتنی گورچیلە بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ