کوالێتیی کۆنترۆڵی دەرمان بۆ هاونیشتمانییان: ئاگاداری دەرمانێکی ساختەی تایبەت بە شەکرە بن

20-04-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

کوالێتیی کۆنترۆڵی دەرمان هۆشداریی دەدات لە بوونی دەرمانێکی ساختە بۆ چارەسەریی شەکرە و دەڵێت، چارەسەری شەکرە ناکات و دەبێتە هۆکاری زیانگەیاندن بە گورچیلەکان. بەرپرسی بەشی چاودێریی بازاڕ لە بەڕێوەبەرایەتیی کۆنترۆڵی دەرمانیش دەڵێت، "دەرمانە ساختەکە بە ژمارەی باجەکەیدا دەناسرێتەوە."
 
رۆژی پێنجشەممە، 20-4-2023، دامەزراوەی کوالێتیی کۆنترۆڵی دەرمان لە هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی هۆشداری ئامێزی لەبارەی دەرمانێکی تایبەت بە شەکرە بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، "سەرجەم کۆگەکانی دەرمان و دەرمانخانەکان و هاووڵاتییان ئاگادار دەکەینەوە لە بوونی دەرمانێکی ساختە بە ناوی (Janumet 50mg/1000mg) کە ژمارەی باجەکەی (S016392) و دروستکردنی لە مانگی 11 ساڵی 2020 و ماوەی بەسەرچوونیشی مانگی 11ـی ساڵی 2023یە؛ مامەڵەکردن و بڵاوبوونەوەی دەرمانەکە لە دەرمانخانە و کۆگاکان مەترسی گەورە لەسەر تەندروستی بەکارهێنەر دروستدەکات."
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "بەڕێوەبەرایەتیی کوالێتیی کۆنترۆڵی دەرمان هۆشداری بە دەرمانخانە و کۆگاکانی دەرمان دەدات پابەندی تەواوی رێنماییەکان بن و دەبێت خۆیان لە مامەڵەکردن لەگەل دەستگێڕ و ساخکردنەوەی دەرمانی ساختە و هەڵخەڵەتاندنی نەخۆش بە بیانووی هەرزانی بەدوور بگرن، بە پێچەوانەوە رووبەڕووی تووندترین سزای یاسایی دەبنەوە."
 
لەبارەی دەرمانەکەوە دکتۆر گۆڤەند رەوەند، بەرپرسی بەشی چاودێریی بازاڕ لە بەڕێوەبەرایەتیی کۆنترۆڵی دەرمان بە رووداوی راگەیاند، "دەرمانەکە تایبەتە بە تووشبووانی شەکرە، لە یەک دوو شوێندا هەبووە و دەستی بەسەردا گیراوە، چونکە ساختەیە و لە بەغداوە و بە رێگەی جیا هاتووە. دەرمانەکە نەوەک چارەسەر نییە، بەڵکو زیانی زۆریشی هەیە، بەتایبەت بۆ گورچیلە، بۆیە لە رێگەی ئەو ژمارەی لەسەر پاکەتی دەرمانەکە هەیە و بڵاومانکردووەتەوە دەزانرێت کە ئەو دەرمانە ساختەیە."
 
دامەزراوەی کوالێتیی کۆنترۆڵی دەرمان لە راگەیێندراوەکەیدا دڵنیایی تەواوی داوەتە هاووڵاتییان لەبارەی بەرهەمە دەرمانسازییەکان کە ستیکەری وەزارەتی تەندروستییان لەسەرە و شیاوی بەکارهێنانن؛ داواش دەکات لە ئەگەری بوونی هەر زانیارییەک لەسەر بوونی دەرمانی نایاسایی تیمەکانی چاودێری بازاڕ ئاگادار بکەنەوە لە رێگەی ژمارە تەلەفۆنی (07502356000).

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نەخۆشخانەی رزگاری لە هەولێر. وێنەکە تەنیا بۆ روونکردنەوە دانراوە

سەرۆکی بەشی هەناو لە نەخۆشخانەی رزگاری: هەڵە دەستنیشانکردن لە 'تای ماڵتا' زۆرە

سەرۆکی بەشی هەناو لە نەخۆشخانەی رزگاری لە هەولێر رایدەگەیەنێت، زۆرینەی ئەوانەی دێنە نەخۆشخانە و وادەزانن تووشبووی تای ماڵتا ''حومەی ماڵتا''ـن نەخۆشییەکەیان نییە و دەرمانی ناپێویستیان بۆ نەخۆشییەکە وەرگرتووە.