رێکخراوی تەندروستیی جیهانیی 11 هەزار ژەم پێکوتەی ئیبۆلای رەوانەی گینیا کرد

رووداو- دیجیتاڵ

رێکخراوی تەندروستی جیهانی 11 هەزار ژەمە پێکوتەی ئیبۆلای رەوانەی گینیا کرد ئەمەش دوای سەرهەڵدانی ڤایرۆسەکە لەو وڵاتە.


د. مایکڵ یۆوا، بەڕێوەبەری ستراتیژی تەندروستیی لە تەندروستیی جیهانی دەڵێت، ئێمە 11 هەزار ژەمی پێکوتەی ئیبۆلامان رەوانەی گینیا کرد کە ئەمەش دەستکەوتێکی گەورەیە، ئەمە یەکەمجارە لە سەرەتای سەرهەڵدانی ئیبۆلا لە گینیا دەستبکەین بە کوتانی خەڵکی.

دوای ئەوەی وەزارەتی تەندروستیی گینیا بڵاویکردەوە کە چەند حاڵەتێکی تووشبوون بە ئیبۆلا تۆمارکراون و سێ کەسیش بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە، رێکخراوی تەندروستیی جیهانی هاتە سەر هێڵ و بڕیاریدا پێکوتە بۆ وڵاتەکە بنێرێت.

بەگوێرەی زانیارییەکان کە تەندروستیی جیهانی بڵاویکردوونەتەوە ڤاکسینەکان سەرەتا دەدرێنە پزیشکان و کارمەندانی تەندروستیی دواتر بەسەر ئەوانەدا دابەشدەکرێت کە لە گروپی مەترسیدارن.

رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رایدەگەیێنێت، پێکوتەکان دەبێت لە 60 پلەی سەدی ژێر سفرەوە هەڵبگیرێت، کوتانی خەڵکی دژی ئیبۆلا هەنگاوێکی گرنگ دەبێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسەکە.