وەڵامی بەربڵاوترین پرسیارەکان لەبارەی کۆرۆنا

 
رووداو- هەولێر


کۆرۆنا بەردەوامە لە بڵاوبوونەوە بە وڵاتاندا و هەڕەشەی ئەو ڤایرۆسە لە هەندێک وڵات ترسی لەنێو خەڵکدا دروستکردووە، بەپێی دوایین ئامارەکانیش، 75 هەزار و 752 کەس تووشبوون، لەو ژمارەیە دوو هەزار و 130 کەس گیانیان لەدەستداوە و 16 هەزار و 856 کەسیش چاکبوونەتەوە. ئەمانە دیارترین ئەو پرسیار و وەڵامانەن لەبارەی کۆرۆنا کە پێویستە بیزانیت. 

 

کۆڤید-19 چییە؟
 
کۆڤید-19 ناوە نوێیەکەی ڤایرۆسی نۆڤل کۆرۆنا 2019یە، کە لە کۆتایی مانگی کانوونی یەکەم بڵاوبووەوە، ئەمە جۆرێکی نوێی ڤایرۆسە سەر بە خێزانی کۆرۆنا ڤایرۆسە، ئەم ڤایرۆسانە زۆرتر تووشی کۆئەندامی هەناسەی ئاژەڵان دەبن.
 
کۆرۆنا ڤایرۆس چوار جۆری هەن: ئەلفا، بێتا، دەلتا و گاما، ئەو ڤایرۆسانەی لە ئاژەڵی تووشبووەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێنەوە سەر بە گروپی ئەلفا و بێتان.
 
لە جیهاندا تەنیا دوو جۆری ڤایرۆسی کۆرۆنا مەترسییان دروستکردبوو، یەکێکیان ڤایرۆسی SARS بوو لە ساڵی 2002-2003 بڵاوبووەوە، ئەوی دیکەشیان ڤایرۆسی MERS بوو کە لە ساڵی 2012 لە سعودیە بڵاوبووەوە. لە ساڵی 2019 ئەمجۆرە نامۆیەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بڵاوبووەوە و رێکخراوی تەندروستیی جیهانی ناوی COVID-19  بۆ داناوە.
 
ڤایرۆسەکە لە کوێ و چۆن سەریهەڵداوە؟
 
تاوەکو ئێستا وەڵامێکی تەواو بۆ ئەو پرسیارە نییە، سەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسەکە شاری ووهانی چین بووە، بەدواداچوونەکانی حکومەتی چین دەریان خستووە، ڤایرۆسەکە لە مارکێتێکی فرۆشتنی گۆشتی ئاژەڵە دڕندەکان و خۆراکە دەریاییەکان سەریهەڵداوە، توێژینەوە و بەدواداچوونی پزیشکانیش دەریخستووە کە لەوانەیە ئەو ڤایرۆسە لە مار و شەمشەمەکوێرە سەریهەڵدابێت. 
 
هەندێکی دیکەش دەڵێن، مارکێتێک بەتەنیا هۆکار نییە بۆ سەرهەڵدانی ئەم ڤایرۆسە بۆیە هێشتا بەدواداچوونەکان بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەکەی بەردەوامن.
 
ڤایرۆسی کۆڤد-19 چۆن دەگوازرێتەوە؟
 
ئەم ڤایرۆسە لە ئاژەڵی تووشبوو بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، کەسێکی تووشبووش دەتوانێت ڤایرۆسەکە بۆ کەسێکی ساخ  بگوازێتەوە. بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی بڵاویکردوونەتەوە، ڤایرۆسەکە لەڕێگەی دڵۆپەکانی کۆئەندامی هەناسە، پژمین و کۆکە دەگوازرێتەوە. 
 
کاتێک ڤایرۆسەکە دەچێتە نێو جەستە لانی کەم چوار بۆ پێنج رۆژی پێدەچێت تاوەکو نیشانەکانی دەردەکەون (لەوانەیە زیاتریش). هێشتا توێژینەوەکان و بەدواداچوونی پزیشکان لەسەر شێوازی گواستنەوە و دەرکەوتنی نیشانەکانی تووشبوون بەردەوامن.
 
نیشانەکانی تووشبوون چین؟
 
ئەم ڤایرۆسە تووشی کۆئەندامی هەناسە دەبێت، سەنتەری کۆنترۆڵکردن و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان لە ئەمریکا دەڵێت، نیشانەکانی تووشبوون بە کۆڤد-19 بریتین لە تا، کۆکە و هەناسەتەنگی. رێکخراوی تەندروستیی جیهانیش رایدەگەیێنێت، نیشانەکانی تووشبوون بەم ڤایرۆسە هاوشێوەی تووشبوونە بە هەڵامەت و ئەنفلەوەنزا بۆیە زۆر بە زەحمەتی دەتوانرێت دەستنیشانبکرێت، تەنیا لەڕێگەی تاقیگە و ئامێری پێشکەوتوو ئەم ڤایرۆسە لە جۆرەکانی دیکە جیادەکرێتەوە، وەک تەندروستیی جیهانی دەڵێت، تەنیا %20ـی ئەوانەی تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەبن نیشانەکانیان تووندن و مەترسیی وەک هەوکردنی سییەکان وەستانی هەناسەدان دروستدەکات.
 
ئایا کۆڤد-19 کوشندەیە؟
 
خێرا بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە ترس و نیگەرانی لەنێو خەڵکی دروستکردووە، زۆربەیان پرسیاردەکەن ئایا ڤایرۆسەکە کوشندەیە؟ رێکخراوی تەندروستی جیهانی دەڵێت، زۆر زەحمەتە بتوانن بە وردی بزانن کوشندەیی ڤایرۆسەکە چەندە، بەڵام ئەو زانیارییانەی لە بەرپرسانی چینی وەریانگرتووە، تەنیا %2 بۆ 4ـی ئەوانەی تووشی ڤایرۆسەکە دەبن گیانلەدەستدەدەن. ئەوانەی بەساڵاچوون، نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە یان سیستەمی بەرگری جەستەیان لاوازە مەترسیی زۆرتریان لەسەرە. 
 
ئایا هیچ چارەسەرێک بۆ ڤایرۆسەکە بەردەستە؟
 
تاوەکو ئێستا نەخێر، ئەوەی هەیە تەنیا کۆنترۆڵکردن و چارەسەرکردنی نیشانەکانە نەک لەنێوبردنی ڤایرۆسەکە، نابێت بەهیچ شێوەیەکیش دەرمانی دژەبەکتریا وەربگیرێن، چونکە نەخۆشییەکە ڤایرۆسییەوە و ئەو دەرمانانە هیچ سوودێکیان نابێت.
 
چۆن خۆمان بپارێزین؟
 
بەهۆی ئەوەی هیچ چارەسەرێک بۆ ڤایرۆسەکە بەردەست نییە، دەبێت خۆمان لە تووشبوون بپارێزین، هەندێ رێکاری سادە و کاریگەر هەن بۆ ئەوەی مەترسیی تووشبوونمان کەمبکەینەوە، وەک دەستشۆردنی بەردەوام، داخستنی دەم لەکاتی پژمین و کۆکە، دوورکەوتنەوە لە شوێنە قەرەباڵخەکان و سەردانکردنی پزیشک لەکاتی هەستکردن بە تا، کۆکە و هەناسەتەنگی.
 
ئایا ماسک لە تووشبوون دەمانپارێزێت؟
 
بە گوێرەی جۆرەکەی دەگۆڕدرێت، ئەو کەسانەی تووشی ڤایرۆسەکە دەبن، پێویستە ماسک ببەستن بۆ ئەوەی بۆ دەرووبەریان نەیگوازنەوە، بەڵام بە تەنیا بەستنی ماسک بەس نییە بۆ ئەوەی تووش نەبیت، بەڵکو دەبێت هەموو رێکارە خۆپارێزییەکان بگریتەبەر.
 
بۆچی ئەوانەی گومانی تووشبوونیان لێ دەکرێت دەبێت 14 رۆژ لە ژێر چاودێریدابن؟
 
هەر کاتێک ڤایرۆسێک دەچێتە نێو جەستەی کەسێک هەندێ کاتی دەوێ بۆ ئەوەی نیشانەکانی تووشبوونی لێ بەدەربکەون کە ئەمە پێی دەگوترێ (Incubation period)، بۆ نموونە کاتێک ڤایرۆسی هەڵامەت دەچێتە نێو جەستە دوای دوو بۆ سێ رۆژ نیشانەکان دەردەکەون. بۆ ڤایرۆسی کۆڤد-19 هەمان شتە، بەڵام چونکە پزیشکان بە تەواوی کاتی نێوان بەرکەوتن و دەرکەوتنی نیشانەکان نازانن، بۆیە بەگوێرەی توێژینەوەکانیان و بەراورد کردنی ڤایرۆسەکە بە جۆرەکانی پێشووی نزیکەی 14 رۆژیان داناوە بۆ ئەوەی چاودێری گومانلێکراون بکەن. واتە دەکرێت کەسێک هەڵگری ڤایرۆسەکە بێت و بۆ کەسانی دیکە بگوازێتەوە بێ ئەوەی هیچ نیشانەیەکی نەخۆشییەکەی هەبێت.
 
ئایا لەگەڵ تەواوبوونی زستان و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما ڤایرۆسەکە لەنێو دەچێت؟
 
تاوەکو ئێستا ئاشکرانییە و بەڵگەی زانستی لەبارەیەوە نییە، کە ئایا لەگەڵ هاتنی گەرما ڤایرۆسەکە لەنێودەچێت یان نا. هەندێک جۆری ڤایرۆس وەک ڤایرۆسی هەڵامەت و ئەنفلەوەنزا زیاتر لە زستاناندا بەربڵاون و مرۆڤ نەخۆشدەخەن، بەڵام مانای ئەوە ناگەیێنێت کە لە زستاندا تووش نابین، بۆیە ناتوانین ڤایرۆسی کۆرۆنا لەگەڵ ئەم ڤایرۆسانە بەراورد بکەین تاوەکو زانیاری تەواومان لەبارەیەوە دەستدەکەوێت.