سەرۆکی کۆمەڵەی پزیشکانی ئەڵمانیا: بە گەڕانەوەی پزیشکە سوورییەکان کەرتی تەندروستیمان دادەڕمێت
رووداو - تەندروستی
گۆڕانکارییەکانی سووریا کاریگەریی لەسەر کەرتی تەندروستیی ئەڵمانیا دروستکردووە و بەرپرسانی کەرتەکە ترسێکی زۆریان پێوە دیارە.
گیرالد گاس، سەرۆکی کۆمەڵەی پزیشکانی ئەڵمانیا، دەڵێت: "بەدڵنیاییەوە چاودێریی تەندروستی لە ئەڵمانیا دادەڕمێت ئەگەر پزیشکە سوورییەکان هەموویان ئێستا بگەڕێنەوە. کێشەکە ئەوەیە ئەوان هەموویان دەیانەوێت بە گرووپ و نزیک لەیەکەوە کاربکەن."
وەزیری تەندروستیی ئەڵمانیا دەڵێت، شەش هەزار پزیشکی سووری لە وڵاتەکەیان هەن، بە گوێرەی کۆمەڵەی پزیشکانی ئەڵمانیا، پزیشکە سوورییەکان 2٪ بۆ 3٪ی پزیشکانی وڵاتەکەیانن و گەورەترین گرووپی پزیشکیی بیانین لەو وڵاتە.
ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا گوتی، "ژمارەیەک سووریایی زۆر سەرکەوتووانە لێرە رەگوریشەیان داکوتیووە، هەزاران پزیشک لێرە هەن. هەندێک راگەیێندراو لەم چەند رۆژەی دواییدا هاووڵاتییە بە رەچەڵەک سوورییەکانمانی دوودڵ کردووە. بۆیە دەمەوێت ئەمڕۆ لێرە بڵێم، ئەوانەی لێرە کاردەکەن و بە باشی تێکەڵی کۆمەڵگا بوون، بەردەوام دەرگەی ئەڵمانیا بە روویاندا کراوەیە."
پزیشکەکان ویستی خۆیان بۆ گەڕانەوە پشان دەدەن، بەڵام ترسیشیان هەیە، یاریدەدەرێکی پزیشکی منداڵان دەڵێت: "رژێمی ئەسەد هەموو شتێکی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووری خاپوورکرد. بۆ گەڕانەوە، بەڵێ دەمانەوێت، بەڵام پێویستە سەرەتا وڵات و هەموو شتێک بە باشی بنیاتبندرێتەوە. گەڕانەوە بۆ سوورییەکانی ئێرە کارێکی ئاسان نییە."
بە گوێرەی میدیاکانی ئەڵمانیا، 287 هەزار سووری لەو وڵاتە لە پیشە جیاوازەکان کاردەکەن، لەو ژمارەیە 80 هەزاریان لەو کەرتانەن کە رووبەڕووی قەیرانی کەمیی دەستیکار بوونەتەوە.