ناوەندێکی ئەمریکی: لە کالیفۆڕنیا جگەرە هۆکاری سەرەکیی پێنج جۆر شێرپەنجەیە

رووداو - تەندروستی

توێژەرانی ناوەندی دەیڤسی ئەمریکی بۆ لێکۆڵینەوە لە شێرپەنجە رایدەگەیێنن، نیوەی تووشبووانی شێرپەنجە لە ویلایەتی کالیفۆڕنیا هۆکارەکەی بۆ بەکارهێنانی تووتن دەگەڕێتەوە. 
 
توێژەرانی ناوەندی دەیڤس بەهاوکاری لەگەڵ تۆماری شێرپەنجەی ویلایەتی کالیفۆڕنیا لە توێژینەوەیەکدا کە لە گۆڤاری دامەزراوەی پزیشکیی ئەمریکی JAMA  بڵاوکراوەتەوە و دەریدەخەن، لە نێوان ساڵانی 2017 تاوەکو 2019 نزیکەی 93 هەزار و 764 تووشبووی شێرپەنجە لە ویلایەتەکە گیانیان لەدەستداوە و سەرجەمیان جگەرەکێش بوون. 
 
فڕانسیس ماگیور، بەڕێوەبەری تۆماری شێرپەنجە لە کالیفۆڕنیا و سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: ''57.6٪ـی تووشبووانی شێرپەنجە لە 2017 تاوەکو 2019 لە بەکارهێنەرانی تووتنن، بەجۆرێک لە پێنج پیاوی جگەرەکێش یەکێک و لە حەوت خانمی جگەرەکێش یەکێک، تووشبووی جۆرە جیاوازەکانی شێرپەنجەن.''
 
ئیلیسا تۆنگ، سەرپەرشتیاری توێژەرانی ناوەندی دەیڤس دەڵێت: ''شێرپەنجەی قوڕگ و سییەکان بە رێژەی 30٪ بۆ 37٪ باوترین جۆری شێرپەنجەی نێو جگەرەکێشانن''، ئیلیسا دەشڵێت: دوای تووشبوون بە شێرپەنجە، وازهێنان لە جگەرە ئەستەم نییە، چونکە وەڵامدانەوەی خانەکان بۆ دەرمانە کیمیایییەکان زیاددەکات و کوشندەیی نەخۆشییەکە کەمدەکاتەوە. 
 
ئیلیسا تۆنگ روونیدەکاتەوە، نزیکەی 400 هەزار جگەرەکێش کە تووشی شێرپەنجە بوون، کەسانی سەروو 60 ساڵانن، ئەمەش پشتڕاستی دەکاتەوە، کەسانی بەتەمەن ئەگەری تووشبوونیان بە جۆرە جیاوازەکانی شێرپەنجە زیاترە.
 
بەگوێرەی تۆمارەکانی توێژینەوەکە، رێژەی شێرپەنجەی 'سییەکان 90.2٪، قوڕگ 85٪، سوورێنچک 58٪، دەم 55.5٪ و منداڵدان 52٪' بوو، هەروەها بەراورد بە خانمان، پیاوان زیاتر بە جگەرەکێشان تووشی شێرپەنجەی جگەر و گەدە دەبن.
 
ناوەندی کۆنتڕۆڵکردن و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان لە ئەمریکا بڵاویکردووەتەوە، ساڵانە زیاتر لە 278 هەزار پیاو  و 201 هەزار خانم بەهۆی جگەرەوە گیانلەدەستدەدەن، هەروەها ناوەندەکە دەریدەخات، ژیانی جگەرەکێش بەراورد بەوانەی جگەرەناکێشن 10 ئەوەندە کورتترە.