پانێڵێکی زانستی: زۆرینەی تووشبووانی شەکرە بەهۆی زۆرخۆرییەوە دووچاری نەخۆشییەکە بوون
رووداو - تەندروستی
تادێت ژمارەی تووشبووانی شەکرە لە جیهاندا زیاددەبێت و هەرێمی کوردستانیش بێبەش نییە لەم زیادبوونە، پسپۆڕێک هۆکارە باوەکانی نێو نەخۆشەکانی شەکرە باس دەکات و دەڵێت: قەڵەوی و زۆرخۆری باوترینن.
د. مازیار جەبار، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناو و شەکرە بە رووداوی راگەیاند، زۆرینەی ئەو نەخۆشانەی دەیانبینین بە بۆماوەیی لە ماڵباتەکەیان شەکرەیان هەیە، یاخود بەشێکی دیکەیان قەڵەون و زۆرخۆرن.
بە گوێرەی بەدواداچوونەکانی رووداو، لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 100 هەزار تووشبووی شەکرە هەن کە زۆرترینیان لە پارێزگای هەولێرن؛ ئەمساڵیش تاوەکو ئێستا 5 هەزار تووشبووی نوێ تۆمارکراون.
ئەمڕۆ 19-11-2024 پانێڵێکی زانستی لە کۆلێژی دەرمانسازیی زانکۆی هەولێری پزیشكی بەڕێوەچوو، ئامانج لێی، هۆشیارکردنەوە و باسکردنی رێگەکانی پێشگیرییە لە شەکرە.
د. عەزیز رواندزی، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی شەکرە و کوێرەڕژێنەکان هۆشداری دەدات لە زیادبوونی ژمارەی تووشبووانی شەکرە لەنێو منداڵان و دەڵێت: لە ئەنجامی زۆرخۆری، نەکردنی وەرزش و دانیشتنی زۆر دەکرێت منداڵان تووشی شەکرەی جۆری دووەم بن.
بەپێی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی شەکرە، 10 ساڵی دیکە ژمارەی تووشبووانی شەکرە 40٪ زیاد دەکات، هەر بۆیە شێوازی ژیانی تەندروست بە رێگەی کاریگەر بۆ پێشگیری لە نەخۆشییەکە دادەنرێت.