ئەمساڵ 62 تووشبووی نوێی تالاسیمیا لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون

19-11-2024
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەی بەدواداچوونێکی رووداو، زیاتر لە سێ  هەزار و 500 تووشبووی تالاسیمیا لە هەرێمی کوردستاندا هەن، کە 62ـیان ئەمساڵ تۆمار کراون.
 
بەگوێرەی ئەو ئامارانەی لەلایەن سەنتەری تالاسیمیای هەولێر بە رووداو دراون، 956 تووشبووی تالاسیمیا لە سەنتەری تالاسیمیای هەولێر تۆمارکراون، کە 755 نەخۆشیان خەڵکی هەولێرن لەو ژمارەیەش 376ـیان لە رەگەزی نێر و 379ـیان لە رەگەزی مێینەن. تووشبووەکانی دیکەش خەڵکی کەرکووک، دهۆک، موسڵ و شارەکانی دیکەی نێوەڕاست و خوارووی عێراقن.
 
هەر بەگوێرەی ئاماری سەنتەرەکە، لەو ژمارە تووشبووەی تۆمارکراون، 809 تووشبوویان مانگانە خوێن وەردەگرن، هەروەها 77٪ـی تووشبووەکان تووشی تالاسیمیای گەورەی بێتا، 13٪ـیان ناوەندی بێتا و 3٪ـیان تووشبووی ناوەندی جۆری ئەلفان.
 
ئاماری سەنتەرەکەی هەولێر دەریدەخات، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تاوەکو 15ـی ئەم مانگە، 21 تووشبووی نوێی تالاسیمیا تۆمارکراون و 9 تووشبووش گیانیان لەدەستداوە.
 
د. حەسەن ئەسوەد، بەڕێوەبەری سەنتەری ژین بۆ تالاسیمیا و شێرپەنجە لە دهۆک بە رووداوی راگەیاند، "لە پارێزگای دهۆک هەزار و 200 تووشبووی تالاسیمیا هەن، کە لە سەنتەرەکەی ئێمەدا تۆمارکراون و چارەسەر وەردەگرن."
 
بەڕێوەبەری سەنتەری ژین گوتیشی، "لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تاوەکو 1ـی تشرینی دووەم؛ 37 تووشبووی نوێی تالاسیمیا لە سەنتەرەکەمان تۆمارکراون."
 
کۆچەر کەریم، سەرۆکی کۆمەڵەی تالاسیمیای سلێمانی بە رووداوی گوت، "هەزار و 387 تووشبووی تالاسیمیا لە کۆمەڵەکەمان تۆمارکراون، لەو ژمارەیەش 45 کەسیان خەڵکی خواروو و نێوەڕاستی عێراقن."
 
هەر بە گوتەی سەرۆکی کۆمەڵەی تالاسیمیای سلێمانی، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تاوەکو سەرەتای ئەم مانگە، چوار تووشبووی نوێی تالاسیمیا لە کۆمەڵەکەیان تۆمارکراون، هەر لەو ماوەیەشدا 4 تووشبوو گیانیان لەدەستداوە.
 
تالاسیمیا نەخۆشییەكی بۆماوەیی خوێنە و تێیدا كەسی نەخۆش تووشی تێكشكان و شیبوونەوەی خڕۆكە سوورەكانی خوێنی دەبێت. ئەمەش لەلایەكەوە تووشی كەم خوێنی دەكات و دەبێت بەشێوەیەكی بەردەوام خوێنی تێبكرێت، لەلایەكی دیكەوە بڕێكی زۆری مادەی ئاسن لە شانەكانی لەشیدا (دڵ و گورچیلە و كوێرە رژێنەكان) كۆدەكاتەوە و پەكیان دەخات، واتە گواستنەوەی خوێن لە نەخۆشییەكە رزگاری ناكات، بەڵكو چارەسەر بەوە دەبێت چاندنی مۆخ بۆ كەسەكە بكرێت.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە