خانمێکی ئەمریکی دوو نهێنیی کێشدابەزاندنی لە ماوەی ساڵێکدا ئاشکرادەکات

رووداو - تەندروستی 

خانمێکی ئەمریکی دانیشتووی شیکاگۆ بە کەمتر لە ساڵێک 26 کیلۆگرام کێشی دادەبەزێنێت و دەڵێت، بێزاربووە لە قەڵەوییەکەی و لەکاتی خەوتندا هەناسەی تەنگکردووە و پەستانی خوێنیشی بەرزکردووەتەوە.
 
لۆری جێریشا، خانمێکی 47 ساڵانی ئەمریکییە و دەڵێت، بە وەرزش و چالاکیی جەستەیی لەگەڵ پەیڕەوکردنی رێژیمی خۆراکی دوو نهێنیی کێشدابەزاندنەکەین، بەجۆرێک توانیویەتی لە ماوەی ساڵێکدا 26 کیلۆگرام کێشی داببەزێنێت.
 
ئەو گوتی، ساڵی رابردوو کێشی 95 کیلۆگرام بووە و درکی بەوە کردووە کە ئیدی پێویستە گۆڕانکاریی تەواو لە ژیانیدا بکات.
 
لۆری جێریشا دەڵێت: ''ناڕازیبووم لە قەڵەوییەکەم و تووشی بەرزیی چەوری و پەستانی خوێن بووم، تەنانەت لەکاتی خەوتنیشدا هەناسەم دەوەستا''.
 
بە گوتەی خۆی، هەفتانە سێ بۆ شەش رۆژ وەرزش دەکات و بایەخێکی زۆریش بە بەپێ رۆیشتن دەدات، ئەوەش باسدەکات کە ئەپێکی دابەزاندووە بۆ هەژمارکردنی کالۆرییەکانی رۆژانەی تاوەکو کۆنتڕۆڵی جۆری خۆراکەکانی بکات و بایەخیش بەم خۆراکانەش دەدات؛
 
- خواردنی سەوز و میوەکان
- کەمکردنەوەی شیرینییەکان
- نەخواردنی ژەمی قورس لە ئێواران
- بایەخدان بە بەرهەمە کوڵاوەکان و پشتگوێخستنی برژاوەکان
 
بەشێکی قسەکانیشی باسی هاوژینەکەی دەکات کە پاڵپشتیی کردووە لە دابەزاندنی کێشی و هەمیشە وەکو هاندەرێک بووە بۆی.