چۆن بە تەندروستی دەنگ دەدەیت؟

19-10-2024
شکار رێبوار
شکار رێبوار
نیشانەکردن وەڵامی پرسیارە تەندروستییەکانت
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

پسپۆڕێکی پزیشکیی خێزانی لە هەولێر چەند رێنوێنییەک پێشنیازدەکات بۆ ئەوەی بە تەندروستییەوە هاونیشتمانییان دەنگبدەن و دەڵێت: پێویستە رەچاوی بەساڵاچووان و خانمانی دووگیان بکرێت، چونکە ئەوانە دوو گرووپی مەترسیدارن بۆ تێکچوونی باری تەندروستی.
 
د. دلین حوسێن ئاکرەیی، پسپۆڕی پزیشکیی خێزانی و بەرپرسی راگەیاندنی کۆمەڵەی پسپۆڕانی پزیشکیی خێزانی بە رووداوی راگەیاند، ''پێش چوونە بنکەکانی دەنگدان بایەخ بە خواردنەوەی ئاو و شلەمەنی بدرێت، تاوەکو جەستە لە وشکبوونەوەی بپارێزرێت'' کە ئەمە سوودیشی دەبێت بۆ باشترخوێندنەوەی پەنجەمۆر.
 
رۆژی هەیینی 18-10-2024 دەنگدانی تایبەت بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو و ئەنجامە بەراییەکانیش دەرچوون، بەیانی یەکشەممە 20-10-2024 دەنگدانی گشتی ئەنجامدەدرێت.
 
دەقی وەڵامەکانی د. دلین حوسێن ئاکرەیی، پسپۆڕی پزیشکیی خێزانی لەبارەی دەنگدان بە تەندروستی؛
 
رووداو: کێن ئەوانەی پێویستە بە هەستیارییەوە لەکاتی دەنگدان مامەڵەبکەن و گرووپی مەترسیدارن بۆ کێشەی تەندروستی؟
 
د. دلین ئاکرەیی: چەند گرووپێک هەن کە ئەگەری تێکچوونی دۆخی تەندروستییان هەیە وەکو؛
 
- بەساڵاچووان
- تووشبووانی نەخۆشییە درێژخایەنەکانی وەکو 'بەرزەپەستانی خوێن، شەکرە و رەبۆ'
- تووشبووانی نەخۆشیی شێرپەنجە
- ئەوانەی گورچیلەیان بۆ چاندراوە، چونکە بەرگریی جەستەیان لاوازە
- خانمانی دووگیان
- تووشبووانی رۆماتیزم و نەخۆشیی جومگە و بڕبڕەکانی پشت
- ئەوانەی گەشکەیان هەیە
- ئەوانەشی کە ترس 'فۆبیا'ـیان هەیە لە شوێنی قەرەباڵخ
 
رووداو: ئایا بەساڵاچووان چییان پێبێت لەکاتی سەرەگرتن و پێویستە چۆن مامەڵە بکەن بۆ ئەوەی تووشی کێشەی تەندروستی نەبنەوە؟
 
د. دلین ئاکرەیی: پێویستە هەمیشە بایەخ بە خواردنەوەی ئاو بدەن یاخود شەبەتی سرووشتییان پێبدرێت، هەروەها نابێت راستەوخۆ تیشکی خۆریان بەربکەوێت و خۆیان بپارێزن، ئەوانەشی کە شەکرەیان دادەبەزێت، پێویستە خۆراکێکی شیرین لە گیرفانیان بێت.
 
رووداو: پێش چوونە دەنگدان، پێویستە چۆن ئامادەکاریی جەستەیی بکرێت؟ تاوەکو کەسەکە بەرگەی وەستانی زۆر و نۆرەگرتنەکە بگرێت؟
 
د. دلین ئاکرەیی: دەشێت ئەم رێنوێنییانەی خوارەوە جێبەجێبکرێن؛
 
- خواردنەوەی ئاو و شلەمەنی بۆ رێگری لە وشکبوونەوەی جەستە
- خواردنی میوە
- خواردنی خۆراکە پڕۆتینی و ریشاڵییەکان
 
رووداو: ئایا چ کەسێک پێویستە دەمامک ببەستێت؟
 
د. دلین ئاکرەیی: پێویستە ئەوانەی پەتای وەرزییان هەیە دەمامک ببەستن، هەروەها ئەوانەشی کە بەرگریی جەستەیان لاوازە یان نەخۆشییە درێژخایەنەکانی کۆئەندامی هەناسەدانیان هەیە پێویستە دەمامک ببەستن.
 
رووداو: دوای تەواوبوون لە پڕۆسەی دەنگدان، پێشنیازت چییە بۆ هاونیشتمانییان؟
 
د. دلین ئاکرەیی: شۆردنی دەستەکان پێش و پاش پڕۆسەی دەنگدان گرنگە بۆ رێگریکردن لە تووشبوون بە میکرۆبەکان و هەوکردنە تووندەکان، هەروەها پێویستە بێدەنگی لەنێو بنکەکانی دەنگدان بپارێزرێت و هیچ درووشمێک نەگوترێتەوە، ئەمەش بۆ پاراستنی دەروونی دەنگدەران گرنگە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دەربەندیخان

تەندروستیی دەربەندیخان داوای ئامێری نوێی شووشتنی گورچیلە دەکات

بەڕێوەبەری تەندروستیی دەربەندیخان رایدەگەیێنێت، داوای چوار ئامێری شووشتنی گورچیلەیان لە وەزارەتی تەندروستی کردووە و بە نووسراویش بەرزیان کردووەتەوە، رەزامەندییان لەسەر دراون، بەڵام تائێستا نەکڕدراون. جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانیش دەڵێ، ساڵی داهاتوو داواکە دەدەنە وەزارەتی تەندروستی.