پسپۆڕێکی پێست: هەڵەیە لیمۆ و پەتاتە بۆ خوێندنەوەی پەنجەمۆر بەکاربێن

رووداو - تەندروستی 

بەشێک لە دەنگدەران کێشەی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆریان لە ئامێرەکانی دەنگدان بۆ دروستبوو و بەهۆیەوە لە هەندێک بنکە وازاندراوە کە پەنجە خستنە نێو لیمۆ و پەتاتە پەنجەمۆرەکە روونتردەکات و ئاسان دەخوێندرێتەوە، بەڵام پسپۆڕێکی پێست بە رووداوی راگەیاند، ئەوە سوودی نییە و هەستیاری زیاددەکات.
 
د. شاخەوان محەممەد، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی پێست و جوانکاری لەبارەی ئەو کەسانەی ئامێرەکانی دەنگدان پەنجەمۆریان ناخوێنێتەوە دەڵێت، هۆکارەکەی دەشێت ئەکزیما و وشکبوونەوەی پێست بێت کە خەتەکانی پێست خراپدەکات.
 
هاوکات د، شاخەوان محەممەد ئەم هۆکارانەی دیکەشی بۆ نەخوێندنەوەی پەنجەمۆر روونکردەوە؛
 
- نەخۆشیی سەدەف
- زۆربەکارهێنانی دەستەکان لە کاری قورس
- ئارەقکردنەوە
- بەساڵداچوون
 
هاوکات ئاماژە بەوەشدەکات، نەخۆشیی شەکرە نابێتەهۆی لاوازیی خوێندنەوەی پەنجەمۆر، بەڵام ئەوانەی نەخۆشییەکەیان هەیە وشکبوونەوەی جەستەیان زۆر دەبێت، بەمەش ئەگەری نەخوێندنەوەی پەنجەمۆرەکە زیاددەبێت.
 
هەر بۆیە رێنوێنیی دەداتە هاونیشتمانییان کە پێش دەنگدان ئاوی زۆر بخۆنەوە و چارەسەری ئەکزیما و سەدەف وەربگرن، هاوکات دەستیان وشکبکەنەوە لە ئارەقکردنەوە.
 
بە گوتەی ئەو پسپۆڕە، پێویستە تەنیا شێدارکەرەوە بەکاربێت بۆ ئەوەی خەتەکانی پەنجەمۆر باشتردەربکەون و ئامێرەکانیش باشتر بیخوێننەوە.