پسپۆڕێکی هەناو: نەخۆش هەیە بەهۆی کۆلێراوە لە چاودێریی چڕە و گورچیلەکانی سستبوونە

19-09-2023
شکار رێبوار
د. لونا خالید، پێشکێشکار - د. بێستوون مستەفا، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناو. وێنە: رووداو
د. لونا خالید، پێشکێشکار - د. بێستوون مستەفا، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناو. وێنە: رووداو
نیشانەکردن سکچوون و رشانەوە
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی هەناو رایدەگەیێنێت، ژمارەی تووشبووانی سکچوون و رشانەوە بەردەوامە لە هەڵکشان و هەر کەسێک سکچوونی تووندی هەبێت بە کۆلێرای هەژماردەکەین، هەروەها دەشڵێت: لە دوو هەفتەی رابردوودا چەند تووشبوویێکی سکچوونی تووند پشتڕاستکراونەتەوە کە کۆلێرایان هەیە.
 
رۆژی سێشەممە 19ـی ئەیلوولی 2023 د. بێستوون مستەفا، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناو لە بولتەنی تەندروستیدا گوتی، هەر کەسێک سکچوونی تووندی هەبێت بەبێ پشتڕاستکردنەوەی ئەنجامی پشکنینەکان، وەکو تووشبووی کۆلێرا مامەڵەی لەگەڵدا دەکەین و چارەسەری دەکەین.
 
ئەو پسپۆڕەی هەناو دەڵێت: رۆژانە پشکنینی کۆلێرا بۆ ئەوانە دەکەن کە سکچوونی تووندیان هەیە و بەشێکی زۆری ئەنجامەکان پۆزەتیڤ دەردەچن، واتە کەسەکە تووشبووی کۆلێرایە، هەروەها ئاماژە بەوەشدەکات، لە 14 رۆژی رابردوودا تەنیا لە دوو نەخۆشخانە چوار تووشبووی کۆلێرایان دەستنیشانکردووە کە سیانیان بەهۆی سستبوونی گورچیلەکانیانەوە لە چاودێریی چڕ خەوێندراون. 
 
لەبارەی گرووپە مەترسیدارەکانی تووشبوون بە کۆلێرا و ئەوانەی بەتووندی تووشی نەخۆشییەکە دەبن، د. بێستوون ئاماژەیان پێدەکات وەکو 'تووشبووانی نەخۆشییەکانی هەرس، ئەوانەی بەرگریی جەستەیان لاوازە، خانمانی دووگیان، منداڵی خوار پێنج ساڵان، کەسانی بەساڵاچوو و تووشبووی نەخۆشییە درێژخایێنەکان'.
 
تەنانەت هۆشداریش دەداتە ئەو گرووپە مەترسیدارانە کە ''لەکاتی هەبوونی نیشانەکانی کۆلێرا بە زووترین کات سەردانی پزیشکی پسپۆڕ و نەخۆشخانەکان بکەن، تاوەکو تووشی یەکەی چاودێریی چڕ نەبن''.
 
د. بێستوون روونی دەکاتەوە، سکچوونی تووند مادە کانزاییەکانی جەستە کەمدەکاتەوە و پەستانی خوێن نزمدەکات، بەمەش تووشبووەکە ئەگەری تووشبوونی بە ناڕێکییەکانی دڵ و گورچیلە زیاددەبێت.
 
لەکۆتاییدا د. بێستوون مستەفا رێنوێنیی هاونیشتمانییان دەکات؛ ئاوی سەرچاوە فەرمییەکان بخۆنەوە، میوە و سەوزەکان بەباشی بشۆنەوە و بایەخ بە شۆردنی دەستەکان بدەن، هەروەها دەشڵێت: ''هەموو کاتێک خۆپاراستن باشترە لە چارەسەر''.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نەخۆشخانەی رزگاری لە هەولێر. وێنەکە تەنیا بۆ روونکردنەوە دانراوە

سەرۆکی بەشی هەناو لە نەخۆشخانەی رزگاری: هەڵە دەستنیشانکردن لە 'تای ماڵتا' زۆرە

سەرۆکی بەشی هەناو لە نەخۆشخانەی رزگاری لە هەولێر رایدەگەیەنێت، زۆرینەی ئەوانەی دێنە نەخۆشخانە و وادەزانن تووشبووی تای ماڵتا ''حومەی ماڵتا''ـن نەخۆشییەکەیان نییە و دەرمانی ناپێویستیان بۆ نەخۆشییەکە وەرگرتووە.