پاک رانەگرتنی دەم و ددان مەترسیی لەسەر مێشک دروستدەکات

رووداو- هەولێر

توێژینەوەیەکی نوێ لە زانکۆی راتگێرز لە نیوجێرسی دەریخستووە بایەخ نەدان بە تەندروستی دەم وددان بە نەرێنی کاردەکاتە سەر فرمانی مێشک.


لە توێژینەوەکەدا پزیشکانی ئەمریکی بۆیان دەرکەوتووە، ئەوانەی هەوکردنی پووکیان هەیە یان تووشی کەوتنی ددانەکان هاتوون، لەمەترسیی تووشبوونن بە جەڵتەی مێشک و ئەنجامی توێژینەوەکەشیان لە جۆرناڵی (Indian society of periodontology)  و (American geriatrics society) بڵاوکردووەتەوە.

د. زینکی دۆنگ، بەڕێوەبەری سەنتەری راتگێرز بۆ توێژینەوە لە نەخۆشییەکانی پەیوەست بە پیربوون دەڵێت: ئەو کەسانەی هەوکردنی پووکیان هەیە ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشییەکانی لەبیرچوونەوە زیاترە.

توێژینەوەکە لەسەر 2700 کەس ئەنجامدراوە و دەرکەوتووە، بوونی نەخۆشیی پووک لەلایەک و وشکبوونی دەم لەلایەکی دیکە دەبنەهۆی ئەوەی بەشێکی ئەو بەکتریا زیانبەخشانە بۆ مێشک بگوازرێنەوە و ئەمەش مەترسیی لەسەر تەندروستی مێشک دروستدەکات.