توێژینەوەیەک لە هەرێمی کوردستان: نەخواردنی ژەمی بەیانی هۆکارێکی بێهێزی و برسیبوونی بەردەوامە

رووداو - تەندروستی 

توێژینەوەیەک لە هەرێمی کوردستان لەبارەی خواردنی ژەمی بەیانی لەنێو خوێندکارانی زانکۆکان دا دەریدەخات، نەخواردنی ژەمەکە کاریگەریی راستەوخۆی هەیە لەسەر کەمکردنەوەی سەرنج و چالاکییەکانی پۆل، تەنانەت هۆکارێکی هەستکردنە بە بێهێزی و برسیبوون بە درێژایی رۆژەکە.
 
توێژینەوەکە لەلایەن چەند پسپۆڕێکی خۆراک بە بەشداریی دوو هەزار و 225 خوێندکاری زانکۆکانی هەرێمی کوردستان کرا کە بە شێوەی ئۆنلاین بەشداریان تێداکردووە، نووسەرێکی توێژینەوەکە بە رووداوی راگەیاند، بەشێکی زۆری ئەو خوێندکارانەی نانی بەیانیان نەدەخوارد، دەریان خستووە کە دووچاری بێهێزیی و لاوازیی بەردەوام بوون.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 19ـی ئاب د. هۆلیم هاشم، پسپۆڕی کلینیکیی خۆراک لەبارەی توێژینەوەکەیانەوە روونی دەکاتەوە، زۆرینەی ئەو خوێندکارانەی نانی بەیانی ناخۆن خانم بوون، هەروەها کەمیی کات بۆ ئامادەکردنی ژەمەکە هۆکاری سەرەکیی زۆرینەی ئەوانەبوو کە نانی بەیانییان نەدەخوارد.
 
د. هۆلیم هاشم باسی ئەو هۆکارانە دەکات کە خوێندکاران بە بیانووی نەخواردنی ژەمی بەیانی دەزانن وەکو؛
 
- کەمیی کاتی ئامادەکردنی ژەمی بەیانی
- نەبوونی ئارەزووی خواردن
- برسینەبوون لە بەیانیاندا
- ترس لە قەڵەوبوون
- بەڕۆژووبوون
 
د. هۆلیم هاشم گوتیشی، ''هەموو کەسێک پێویستە بایەخ بە ژەمی بەیانی بدات و خۆراکی دەوڵەمەند بە پڕۆتینەکان بخوات، تەنانەت ئەوانەشی کە سەروو 40 ساڵانن ئەگەر تەندروست بن و نەخۆشیی درێژخایێنیان نەبێت، ئاساییە ژەمی بەیانیان بخۆن، بەڵام بەبێ شەکر''.