زانکۆی مینیسۆتا لە ئەمریکا: ئەوانەی کەمیی مادەی ئاسنیان هەیە بەشێوەیەکی کارا چارەسەر وەرناگرن
رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی زانکۆی مینیسۆتا لە ئەمریکا دەریدەخات، ئەوانەی کەمیی مادەی ئاسنیان هەیە بە شێوەیەکی کاریگەر چارەسەرناکرێن و ئاستی کەمیی ئاسن بۆ چەندین ساڵ لە زۆرینەی نەخۆشەکاندا بەردەوام دەبێت.
لەم توێژینەوەیەدا 13 هەزار کەس کە کێشەی کەمیی مادەی ئاسنیان هەیە بەشداربوون و دەرکەوتووە، زیاتر لە 58٪ـیان دوای سێ ساڵ لە دەستنیشانکردنی نەخۆشیەکەیان هێشتا چارەسەر نەکراون، 42٪ـیان چارەسەرکردنیان دوو ساڵی خایاندووە و تەنیا 7٪ـیان لە ماوەی سالێکدا گەیشتوونەتەوە رێژەی ئاسایی مادەی ئاسن لە خوێندا.
دکتۆر جاکۆب کۆگان، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت، ''پێشنیازی دانانی سیستمێکی گونجاو دەکەم بۆ باشتر ناسینەوەی نەخۆشەکان و چارەسەرکردنیان بە شێوەیەکی کاراتر''.
بەگوێرەی ناوەندی کلیڤلاندی پزیشكی، نەبوونی مادەی ئاسن لە خۆراکی رۆژانە، لەدەستدانی رێژەیەکی زۆری خوێن و دووگیانی هۆکاری باوی تووشبوونن بە کەمیی مادەی ئاسن لە خوێندا و پسپۆڕان لەڕێگەی حەب، دەرزی و پێشنیازکردنی خۆراکی دەوڵەمەند بە مادەی ئاسن چارەسەری ئەم نەخۆشییە دەکەن.
بە پێی ئەم ناوەندە ئەمانە چەند خۆراكێكی دەوڵەمەندن بە مادەی ئاسن؛
- شوفان: کوپێک شوفان پێنج تا حەوت میللیگرام مادەی ئاسنی تێدایە.
- گۆشت: هەموو جۆرەکانی گۆشت سەرچاوەی باشی ئاسنن.
- شوکولاتەی رەش: هەر 100 گرام شوکولاتەی رەش حەوت میللیگرام ئاسنی تێدایە.
- هێلکە: هەر هێلکەیەکی کوڵاو میللیگرامێک مادەی ئاسنی تێدایە.
- پاقلەمەنییەکان: 115 گرام فاسۆلیای کوڵاو هەشت میللیگرام ئاسنی تێدایە.
- چەرەسەکان: گازۆ و فستق لە سەرچاوە نایابەکانی مادەی ئاسنن.
- ماسی: هەموو جۆرەکانی ماسی دەوڵەمەندن بە مادەی ئاسن.
- سەوزەکان: سەوزە گەڵاپانەکان (سپێناخ، سڵق، کەلەرم و کاهوو) سەرچاوەیەکی باشی مادەی ئاسنن.
- میوەکان: بۆ نموونە: خۆخی وشککراوە و گێلاس.