یەکەم تووشبووی نەخۆشیی 'ئاوڵەی مەیموون' لە فلیپین تۆمارکرا

رووداو - تەندروستی 

وەزارەتی تەندروستیی فلیپین رایدەگەیێنێت، تووشبووێکی نەخۆشیی 'ئاوڵەی مەیموون' کە پیاوێكی تەمەن 33 ساڵە پشتڕاستکرایەوە. 
 
وەزارەتی تەندروستیی ئەو وڵاتە ئاماژە بەوەدەکات، تووشبووەکە هیچ گەشتێکی بۆ دەرەوەی وڵات نەکردووە، بۆماوەی یەک هەفتە تای هەبووە و دواتریش پەڵەی پێست لە پشت و پەلەکانی دەرکەوتووە. 
 
تیۆدۆر هێربۆسا، وەزیری تەندروستیی فلیپین دەڵێت، ''تووشبووەکە لەژێر چاودێری دایە و پشکنینی زیاتر بۆ کەسە نزیکەکانی دەکرێت بۆ ئەوەی گومانلێکراوەکان بە خێرایی دەستنیشانبکرێن و جیابکرێنەوە''. 
 
تیۆدۆر هێربۆسا دەشڵێت، “سیستمی تەندروستیمان بەشێوەیەکی دروست مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا دەکات و خەڵک بە باشی لەڕێگەکانی خۆپارێزی هۆشیاردەکرێنەوە''.
 
بەگوێرەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی WHO، ئەم گۆڕاوەی نەخۆشیی 'ئاوڵەی مەیموون' خێراتر دەگوزرێتەوە و نیشانەکانی ئەم نەخۆشییە لە ماوەی دوو رۆژ بۆ سێ هەفتە دەردەکەون.