لە هەولێر نزیکەی 26 هەزار جگەرەی ئەلیکترۆنی ''ڤەیپ'' لە‌نێوبران

رووداو - تەندروستی 

دوای بەدواداچوونەکانی رووداو لەبارەی ڤەیپ و مەترسییەکانی، لە هەولێر هەڵمەتێکی فراوان بۆ کەمکردنەوە و لەنێوبردنی جگەرەی ئەلیکترۆنی دەستی پێکرد و ئەمڕۆ 26 هەزار جۆری جیاوازی ڤەیپ لەلایەن لیژنەکانی قایمقامیەتی هەولێرەوە لەنێوبردران.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 19ـی ئابی 2024 نزیکەی 26 هەزار ڤەیپ کە لەماوەی مانگێکدا کۆکراونەتەوە، لەنێوبردران و قایمقامی هەولێر دەڵێت: داوا لە بازرگانەکان دەکەین دووربکەونەوە لە هاودەکردنی جگەرەی ئەلیکترۆنی، چونکە بەشێکی زۆریان لە سلێمانییەوە بە قاچاخ دەهێندرێنە هەولێر.
 
نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی هەولێر لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا هەر لە شوێنی لەنێوبردنی ڤەیپەکان گوتی، لەماوەکانی رابردوو هەشت شوێنی فرۆشتنی جگەرەی ئەلیکترۆنی داخراون و ئەمڕۆش 26 هەزار ڤەیپمان لەنێوبرد.
 
نەبەز عەبدولحەمید دەڵێت، رێگە نادەن ڤەیپ بە شێوەی نهێنی یان بە ئۆنلاین بفرۆشرێت.
 
هاوکات جەختیش لەوە دەکاتەوە کە پێویستە بڕیاری قەدەخەکردنی ڤەیپ لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان جێبەجێبکرێت.
 
رۆژی چوارشەممە (28-12-2023)، پەیام سەربەست، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو ئەنجامی بەدواداچوونێکی بۆ فرۆشتنی ڤەیپ لە هەرێمی کوردستان خستەڕوو؛ بەگوێرەی ئەو کەسانەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو قسەیان کردووە، "بێ لێپرسینەوە لەوەی ڤەیپ بۆ تەمەنی ئەو گونجاو نییە" ڤەیپ لە هەرێمی کوردستان بە منداڵان، مێرمنداڵان و قوتابییان دەفرۆشرێت.
 
بڕیارت داوە واز لە جگەرە و نێرگەلە بهێنیت؟