رووداو دیجیتاڵ
کەرکووک رێکارەکانی خۆپارێزی و رێگریی لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی ئاوڵەی مەیموون دەستپێکرد. بەڕێوەبەری راگەیاندنی تەندروستیی کەرکووک دەڵێت، سەرجەم هاووڵاتییانی هاتوو لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کەرکووک پشکنینی پلەی گەرمییان بۆ دەکرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە 19ی ئابی 2024 سامان یابە عەلی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی تەندروستیی کەرکووک بە رووداوی گوت، "دوای ئەوەی بە نووسراو رێنوێنیمان لە وەزارەتی تەندروستیی عێراقەوە پێگەیشت، بڕیاری تووندوتۆڵکردنی رێکارەکانمان دا و ئێستا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کەرکووک لە رێگەی ئامێرەوە پێوانەی پلەی گەرمیی لەش بۆ هاتووان دەکرێت."
سامان یابە عەلی گوتیشی، "ئەو دەنگۆیانە دوورن لە راستییەوە کە باس لە تۆمارکردنی تووشبوویەک لە پارێزگاکە دەکەن. سەرجەم تیمەکانی تەندروستی لە ئامادەباشیی تەواودان و هەر رێکارێک پێویست بێت بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ئەو نەخۆشییە دەیگرینەبەر."
بەڕێوەبەری راگەیاندنی تەندروستی کەرکووک گوتی، "لە ناحیەی قەرەهەنجیر تیمی پشکنینی تەندروستی دانراوە کە پێوانەی پلەی گەرمیی ئەو زیارەتکارە ئێرانیانە دەکەن بۆ رێوڕەسمی چلەی ئیمام حوسێن بە کەرکووکدا تێدەپەڕن."
دوێنێ یەکشەممە، دکتۆر سەیف بەدر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "نەخۆشیی ئاوڵەی مەیموون نەخۆشییەکی تازە نییە. تاوەکو ئێستا هیچ تووشبوویەک لە عێراق و هەرێمی کوردستان تۆمارنەکراوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ