لە بەریتانیا ناوەندێکی شیاندنەوەی دەرووندروستی دارستانێکی تێدا دروستکراوە

رووداو - تەندروستی 

لە بەریتانیا ناوەندێکی شیاندنەوەی دەرووندروستی دارستانێکی تێدا دروستکراوە و ئامانجی دارستانەکە باشترکردنی نەخۆشانی دەروونیی ناوەندەکەیە.
 
توێژینەوەیەکی رێکخراوی خێرخوازیی تەندروستیی ژینگەیی بەریتانیا رایدەگەیێنێت، مانەوە لەنێو سرووشت دەروون ئاسوودە دەکات و خەمگینی کەمدەکاتەوە.
 
زیزی سۆهاونی 22 ساڵان پێشتر لە ناوەندەکەدا چارەسەری وەردەگرت و پزیشکان پێیان گوتووە، دەبێت رۆژانە لەنێو سرووشتدا پیاسە بکەیت.
 
زیزی سۆهاون، نەخۆشی پێشووی ناوەندی شیاندنەوەی دەرووندروستی دەڵێت: ''پێم وایە مانەوە لەنێو سرووشتدا کاریگەریی گەورەی لەسەر دەروونم هەیە. نەخۆشییەکی دەروونیم هەبوو بە ناوی شێواویی دەروونی، بەڵام دەجەنگام. مانەوە لەنێو سرووشت بنیاتنەر بوو بۆم''.
 
مانەوە لەنێو سرووشت دەکرێت گوشاری دەروونی، دڵەڕاوکێ، خەمۆکی و لەبیرچوونەوەش کەمبکاتەوە.
 
دارستانەکەش بۆ کارمەند و نەخۆشانی ناوەندە دەروونییەکە دروستکراوە؛ ئامانجیش ئەوەیە جاروبار لە ژینگەی ئاڵۆزی نێو سەنتەرەکە دووربکەونەوە.
 
دان ئۆمارا، سەرۆکی دەستەی پەرستارانی ناوەندی شیاندنەوەی دەرووندروستی گوتی، ''جیاوازییەکی گەورەی دروستکردووە، مەبەستم ئەوەیە کە پێشتر زەویی ناوەندەکە وێران و پڕ لە کۆنکرێت بوو''.
 
زۆرجار ئاسوودەیی دەروون بۆ چارەسەری نەخۆشییەکان بە مەرجی سەرەکی دادەنرێت، باخچە و پارکی سەوزایی لەم شێوەیەش تێکەڵەیەکی باشی دروستدەکات بۆ ئەو مەبەستە.