نەتەوە یەکگرتووەکان: ئاگربەستێکی 7 رۆژیمان لە غەززە پێویستە بۆ دەستپێکردنی هەڵمەتی کوتانی ئیفلیجی

6 کاژێر له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

نەتەوە یەکگرتووەکان داوا دەکات هەرچی زووە لایەنەکان بگەنە رێککەوتن بۆئەوەی هەڵمەتێکی بەپەلەی کوتان دژی ئیفلیجیی منداڵان لە غەززە دەستپێبکەن. رێکخراوێکی دیکەش دەڵێت، لە سەرەتای جەنگەوە لە غەززە 50 هەزار منداڵ لەدایکبوون و هیچ کامیان ڤاکسیان بۆ نەکراوە.
 
دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین رایگەیاند، لە کەرتی غەززە منداڵێکی تەمەن 10 مانگ تووشی ڤایرۆسی ئیفلیجی (پۆلیۆ) بووە، نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانە و داوا دەکات حەماس و ئیسرائیل ئاگربەست رابگەیەنین تاوەکو ئەوانیش منداڵەکان بکوتن.
 
یەکێک لە هۆکارەکانی بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە لە کەرتی غەززە ئاوی پیسە. شەقامەکانی شاری دێر بەلەح لە نێوەڕاستی کەرتەکە پڕ لە ئاوی پیسن و نزیکن لە شوێنی پەناگە و نیشتەجێبوونی خەڵکەوە، ئەوەش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە خێراتر دەکات.
 
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، ئاگربەستێکی حەوت رۆژییان پێویستە بۆ ئەوەی بتوانن 640 هەزار منداڵی خوار تەمەن 10 ساڵ بکوتن؛ ئاماژە بەوەش دەکات، "ئەگەر ئاگربەست نەبێت، ئەستەمە بتوانن کەس بکوتن."
 
خیتام زیاب، هاووڵاتییەکی کەرتی غەززەیە و دانیشتووی کامپی نوسەیراتە و دەڵێت، "وەک دایکێک ترسی ئەوەم هەیە کوڕەکەم ڤاکسین وەرنەگرێت؛ لەوانەیە تووشی ڤایرۆسی پۆلیۆ یان نەخۆشی دیکە بێت."
 
بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، 25 ساڵ بوو لە غەززە ڤایرۆسی پۆلیۆ کۆتایی هاتبوو، بەڵام لەگەڵ دەستپێکردنی جەنگ سەریهەڵدایەوە. 
 
نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیاریداوە 1.6 ملیۆن قەترەی ڤاکسین بگەیێنێتەکەرتەکە و رێگە لە تووشبوونی منداڵان بەو ڤایرۆسە بگرێت. 
 
بەگوێرەی رێکخراوی پاکسی هۆڵەندی، لە رێگەی وێنەی مانگی دەستکردەوە دەرکەوتووە، لەو کاتەوەی جەنگ دەستپێکردووە لانیکەم 225 شوێنی فڕێدانی زبڵ و ئاوی وەستاو لە غەززە تۆمارکراون "کە هەموویان لە ناوچەکانی نیشتەجێبوونی هاووڵاتییان زۆر نزیکن."
 
لەلایەکی دیکە، رێکخراوی مێرسی کۆرپسی ئەمریکی دەڵێت، لەو کاتەوەی جەنگ دەستیپێکردووە، لانیکەم 50 هەزار منداڵ لەدایکبوون و کەسیان پێکوتەی ئیفلیجییان وەرنەگرتووە. 
 
بەگوێرەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، پێش جەنگ 99٪ـی هاووڵاتییانی غەززە ڤاکسیانیان وەرگرتبوو، ئێستا رێژەکە 86٪ـە و ئامانجی رێکخراوەکە ئەوەیە بیگەیەنێتە 95٪.
 
پۆلیۆ چییە؟
 
پۆلیۆ نەخۆشییەکی ڤایرۆسیی گوازراوەیە و لە رێگەی ئاوی پیس، خۆراکی پیس یان لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە دەگوازرێتەوە. ڤایرۆسەکە هێرش دەکاتە سەر کۆئەندامی دەماری تووشبووەکە و چەند ئەندامێکی لەشی پەکدەخات و هەندێک جاریش دەبێتە هۆی مردن. نەخۆشییەکە هیچ نیشانەیەکی پێشوەختەی بەرچاوی نییە و پێویستە هەموو منداڵێک لە تەمەنێکی زوودا ڤاکسین وەربگیرێت.
 
بەگوێرەی تەندروستیی جیهانی، لە ساڵی 1988ـەوە ئەو ڤایرۆسە بە رێژەی 99٪ کەمیکردووە و تەنیا لە ئەفغانستان و پاکستان بە شێوەیەکی بەربڵاو ماوە. لە هەر 200 تووشبوویەک تەنیا یەک تووشبوو ئەندامەکانی جەستەی ئیفلیج دەبن و ئەگەری مردن بەو ڤایرۆسە 5٪ بۆ 10٪ـیە.
 
جگە لە پۆلیۆ، پیسبوونی ئاو و خۆراک بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و  زیادبوونی ژمارەی تووشبووانی هەوکردنی ڤایرۆسی جگەری جۆری A و نەخۆشییەکانی پێست.
 
بەگوێرەی نەتەوەیەکگرتووەکان، لە سەرەتای جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماسەوە زیاتر لە 40 هەزار تووشبووی ڤایرۆسی هەوکردنی جگەر- جۆری A تۆمارکراون، ئەوە جگە لە زیاتر لە یەک ملیۆن تووشبووی هەوکردنی کۆئەندامی هەناسە و نیو ملیۆن تووشبووی سکچوون و رشانەوەی تووند.
 
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئاشکرای دەکات، لە غەززە زیاتر لە 65 هەزار تووشبووی نەخۆشییەکانی پێست تۆمارکراون کە زۆرترینیان نەخۆشییە ڤایرۆسییەکانی پێستن وەک ئاوڵە، سوورێژە و مێکوتە.
 
بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکان، زیاتر لە ملیۆنێک و 900 هەزار دانیشتووی غەززە ئاوارەبوون و ماڵەکانیان جێهێشتووە. نەتەوە یەکگرتووەکانیش دەڵێت، بەهۆی ئۆپەراسیۆنەکانی ئیسرائیلەوە دابەشکردنی پێداویستییەکانی پاککردنەوە دواکەوتووە و ئەوەش ئاستەنگی بۆ جووڵەی بارهەڵگرەکانیان دروستکردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

جەستەی تووشبوویەکی ئاوڵەی مەیموون

رێکاری خۆپارێزی لە ئاوڵەی مەیموون لە کەرکووک دەستیپێکرد

کەرکووک رێکارەکانی خۆپارێزی و رێگریی لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی ئاوڵەی مەیموون دەستپێکرد. بەڕێوەبەری راگەیاندنی تەندروستیی کەرکووک دەڵێت، سەرجەم هاووڵاتییانی هاتوو لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کەرکووک پشکنینی پلەی گەرمییان بۆ دەکرێت