سەرپەرشتیاری تاقیگەیەک: لە هەندێک تاقیگە بەبێ پشکنین ئەنجام دەدرێتەوە نەخۆش

رووداو - تەندروستی 

سەرپەرشتیارێکی تاقیگەیەکی پزیشکی ئاشکرای دەکات، لە هەندێک تاقیگە بەبێ پشکنین ئەنجام دەدرێتەوە بە نەخۆش و بەشێکی تاقیگەکان بەپێی نیشانەی نەخۆشەکە و بەبێ پشکنین ئەنجام دەنووسن.
 
ئەحمەد مەجید، پسپۆڕی مایکرۆبایۆلۆژی و سەرپەرشتیاری تاقیگەیەکی پزیشکی لە هەولێر بە رووداوی راگەیاند، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لە نرخی تاقیگە تایبەتەکان نییە، هەر بۆیە پشکنین هەیە لە تاقیگەیەک بە هەزار دینارە، لە شوێنێکی دیکە بە 25 هەزار دینارە.
 
لە بەشێکی قسەکانیدا ئەحمەد مەجید گوتی، دانانی ئەنجامی پشکنینی تاقیگە بەپێی نیشانەی نەخۆشەکە زۆر بڵاوە و بەشێکی تاقیگەکان بەپێی نیشانەی نەخۆشەکە و بەبێ پشکنین ئەنجام دەنووسن.
 
بە گوتەی ئەو سەرپەرشتیاری تاقیگە پزیشکییە، بەشێکی تاقیگە پزیشکییەکان هەڵسەنگاندن بۆ وردیی ئامێرەکانیان ناکەن، هەر ئەمەشە وادەکات کە بە هەرزان پشکنین بۆ نەخۆش بکەن.
 
تەنانەت دەڵێت: تاوەکو ئێستا بۆ ئەنجامی پشکنینە تاقیگەییەکان ستاندار نییە و جیاوازیی کوالێتیی تاقیگە پزیشکییەکان، جیاوازیی لە نرخیش دروستدەکات.