تەندروستیی سلێمانی: تاوەکو ئێستا 7-8 منداڵ بە سکچوون و رشانەوە مردوون

19-06-2022
جووتیار قارەمان
نیشانەکردن سکچوون و رشانەوە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی رایدەگەیێنێت، تاوەکو ئێستا لە سلێمانی 7-8 منداڵ بە پەتای سکچوون و رشانەوە مردوون و هەموو ساڵێک ئەوە هەبووە و رێژەکە ئاساییە و مەترسیدار نییە.
 
د. هێرش سەید سەلیم، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "هەموو ساڵێک منداڵ و پیر بە پەتای سکچوون دەمرن. ئەوەی ئێستایش ئاساییە و دەتوانم بڵێم ئەمساڵ تاوەکو ئێستا حەوت-هەشت منداڵ بەهۆی پەتای سکچوون و رشانەوەوە مردوون. هەموو ساڵێک ئەوەمان هەبووە و رێژەکە مەترسیدار نییە و لە چاو ساڵەکانی دیکەدا جیاواز نییە."
 
جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی ئاماژەی بەوە دا، تووشبوون بە سکچوون و رشانەوە رۆژانە لە زیادبووندایە و زۆربەی نەخۆشخانەکانیان پڕ بوون لەو نەخۆشانە. 
 
د. هێرش سەید سەلیم گوتی: "ئێمە بەدواداچوونی زۆرمان کردووە، هێشتا هۆکارێکی دیاریکراو نییە کە بڵێین لەبەر ئەوەیە، بەڵام بەپێی بەدواداچوونەکانمان کەشوهەوا و ئاوی خواردنەوە هۆکارن کە لە هەندێک شوێن ئاوی نەشیاو بۆ خواردنەوە و ئاودانی سەوزە بەکارهێنرابێت."
 
بە گوتەی د. هێرش، ساڵانی دیکەیش ئاوا خەڵک تووشبوون و ژمارەکەیش زۆر بووە، بەڵام کاتەکەی وەک ئێستا نەبووە و درەنگتر بووە. ساڵانی پێشوو لە مانگی تەممووز و ئابدا رووبەڕووی سکچوون و رشانەوە بوونەتەوە، بەڵام ئەمساڵ لە مانگی حوزەیراندایە کە لە چاو ساڵانی پێشوودا فێنکتریشە. 
 
جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی گوتی: "ئێمە گومان دەکەین هۆکاری دیکە لە پشتی بابەتی گۆڕانی کەشوهەواوە بێت."
 
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا باسی لەوە کرد کە گومان دەکەن پەتاکە کۆلێرا بێت.
 
د. هێرش سەید سەلیم ئاماژەی بەوەش کرد: "تاوەکو ئێستا ئەو پشکنینانەی کردوومانن و نموونەکانیانمان بۆ تاقیگەی ناوەند ناردوون، هیچ ئەنجامێکی ئەرێنی بە کۆلێرامان بۆ نەهاتووەتەوە. لەبەر ئەوەی نیشانەکانی نەخۆشییەکە و بڵاوبوونەوەکەی هاوشێوەی کۆلێران، ئێمە وەکو کۆلێرا مامەڵەمان لەگەڵ پەتاکەدا کردووە."
 
لە 24 کاژێری رابردوودا لە سلێمانی زیاتر لە 600 کەس بەهۆی سکچوون و رشانەوەوە سەردانی نەخۆشخانەیان کردووە کە 337ـیان لە نەخۆشخانەی شار، د. هێمن و منداڵان خەوێندراون.  
 
جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی ئەوەی خستەڕوو، ئەو کەسانە زیاتر پەتاکە بە قورسی دەگرن کە نەخۆشیی دیکەیان هەبووە، بە تایبەتی کەسانی بەتەمەن، هەرچەندە گەنجیش هەبووە کە بەهۆی نەخۆشییەکەوە گورچیلەکانی سست بوون.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نەخۆشخانەی رزگاری لە هەولێر. وێنەکە تەنیا بۆ روونکردنەوە دانراوە

سەرۆکی بەشی هەناو لە نەخۆشخانەی رزگاری: هەڵە دەستنیشانکردن لە 'تای ماڵتا' زۆرە

سەرۆکی بەشی هەناو لە نەخۆشخانەی رزگاری لە هەولێر رایدەگەیەنێت، زۆرینەی ئەوانەی دێنە نەخۆشخانە و وادەزانن تووشبووی تای ماڵتا ''حومەی ماڵتا''ـن نەخۆشییەکەیان نییە و دەرمانی ناپێویستیان بۆ نەخۆشییەکە وەرگرتووە.