نەتەوە یەکگرتووەکان: کۆلێرا هەڕەشە لە ملیارێک کەس دەکات


رووداو دیجیتاڵ

نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریی دەدات لەوەی کە ملیارێک کەس لە 43 وڵاتی جیهان مەترسیی تووشبوونیان بە کۆلێرا لەسەرە.
 
رۆژی هەینی، 19ـی ئایاری 2023، هێنری گرەی، بەڕێوەبەری تیمی رووبەڕووبوونەوەی کۆلێرا لە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رایگەیاند، "نەتەوە یەکگرتووەکان پێشبینی ئەوە دەکات کە ملیارێک کەس لە 43 وڵاتی جیهان مەترسیی تووشبوون بە کۆلێرایان لەسەر بێت."
 
نەتەوە یەکگرتووەکان گوتیشی، "دۆخی کۆلێرا تا دێت خراپتر دەبێت. بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆلێرا پێویستمان بە زیاتر لە 640 ملیۆن دۆلارە."
 
گرەی دەشڵێت، "هەژاری، شەڕ و ناکۆکی، گۆڕانی کەشوهەوا و ئاوارەبوون" لە هۆکارە سەرەکییەکانی بڵاوبوونەوەی کۆلێران و "لەگەڵ بەرزبووەنەوەی ژمارەی ئەو وڵاتانەی کە کۆلێرایان تێدا تۆمارکراوە، گەیاندنی هاوکارییە پێویستییەکانیش کەمیکردووە".
 
گرەی لەبارەی ڤاکسینی کۆلێرا رایگەیاند، ئێستا پێویستیان بە زیاتر لە 18 ملیۆن قورچکە ڤاکسین هەیە، بەڵام تەنیا 8 ملیۆن قورچکە ڤاکسین بەردەستە و ئەوەش وا دەکات کە تووشبووانی نەخۆشییەکە تەنیا یەک قورچکە ڤاکسینیان بەربکەوێت و ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە "هەڵمەتی رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی کۆلێرا" بووەستێت.
 
لە سەرەتای ساڵی 2023 تاوەکو نێوەڕاستی مانگی ئایار، زیاتر لە 24 وڵات بڵاوبوونەوەی کۆلێرایان تێدا تۆمارکراوە، لەکاتێکدا کە ساڵی رابردوو کۆلێرا تەنیا لە 15 وڵات بڵاوببووەوە. 
 
گیرۆم فافمان، سەرۆکی یەکەی فریاکەوتنی تەندروستیی گشتیی یونیسێف دەڵێت، لە تشرینی دووەمی ساڵی رابردوودا ئاژانسەکە تەنیا پێویستی بە 150 ملیۆن دۆلار بوو، بەڵام لەگەڵ خراپبوونی دۆخەکە، ئێستا پێویستیان بە یارمەتیی دارایی زیاترە. 
 
گیرۆم گوتیشی، "پەتاکە بووەتە هۆی ئەوەی خەڵکی هەژار لەبەردەممان گیانلەدەستبدەن و ئێمەش باش دەزانین کە چۆن رێگری لێبکەین، بەڵام پێویستمان بە هاوکاریی زیاترە، لەبەر ئەوەی ئەگەر ئێستا دەستەوەستان بین، دۆخەکە خراپتر دەبێت." 
 
کۆلێرا لە رێگەی بەکتریاوە تووشی مرۆڤ دەبێت و لە رێگەی خۆراک یان ئاوی پیسەوە دەگوازرێتەوە و دەبێتە هۆی سکچوون و رشانەوە و مەترسی لەسەر منداڵانی بچووک زیاترە.