لە کەرکووک ژنێک منداڵە 20 رۆژەکەی دەباتە نەخۆشخانە و بەجێیدەهێڵێت

19-05-2023
هیدایەت جان
نەخۆشخانەی ئازادی لە کەرکووک. وێنەکە بۆ روونکردنەوە لەسەر هەواڵەکە دانراوە
نەخۆشخانەی ئازادی لە کەرکووک. وێنەکە بۆ روونکردنەوە لەسەر هەواڵەکە دانراوە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەیانیی ئەمڕۆ دایکێک منداڵەکەی کە تەمەنی 20 رۆژە دەباتە نەخۆشخانەی منداڵانی کەرکووک و بە بیانووی کڕینی دەرمان، نەخۆشخانە جێدەهێڵیت و دەڕوات.
 
رۆژی هەینی، 19-05-2023، هەردی محەممەد، پەیامنێری رووداو لە کەرکووک گوتی، دوای ئەوەی دایکەکە منداڵەکەی بەجێدەهێڵێت، کارمەندانی نەخۆشخانەی منداڵانی کەرکووک چەند کاژێرێک چاوەڕوانی دەکەن و هەر ناگەڕێتەوە، بۆیە پەیوەندی بە پۆلیسەوە دەکەن.
 
شایەتحاڵێکی رووداوەکە بە پەیامنێری رووداوی گوت؛ ژنەکە سەرەتا لە نەخۆشخانە خۆی بە منداڵەکەوە سەرقاڵکردبوو و دواتر بە ژنێکی گوت: ئاگات لە منداڵەکەم بێت تا دەڕۆم و لە دەرمانخانەی دەرەوە دەرمانی بۆ دەکڕم، ئیدی رۆیشت و نەگەڕاوە. بە گوتەی ئەو شایەتحاڵە، منداڵەکە دۆخی تەندروستی جێگیرە و دایکەکە هەر بۆ بەجێهێشتنی هێناویەتییە نەخۆشخانە.
 
بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، منداڵەکە کوڕە و ئێستا هێزە ئەمنییەکان لە رێگەی کامێراکانی چاودێرییەوە بەدوای ژنەکەدا دەگەڕێن بۆ ئەوەی بیدۆزنەوە و بزانن هۆکاری جێهێشتنی منداڵەکە چییە. 
 
لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا زیاتر لە 20 رووداوی منداڵ بەجێهێشتن و منداڵ فڕێدان لەسەر شەقامەکانی کەرکووک روویداوە.
 
بەپێی یاسا، ئەگەر تا هەفتەیەکی دیکە لایەنە ئەمنییەکان کەسوکاری ئەو منداڵە نەدۆزنەوە، دۆسیەکەی لە نەخۆشخانەوە دەگوازرێتەوە بۆ دادگەی کەرکووک و دادوەر وەکو منداڵی بێسەرپەرشت بڕیاری بۆ دەردەکات و دەدرێت بەو کەسانەی ناوی خۆیان تۆمار کردووە بۆ ئەوەی منداڵی بێ سەرپەرشت وەربگرن.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە