رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەک لە ئەمریکا کاریگەریی جۆرە جیاوازەکانی جگەرە لەسەر بۆماوە مادەی DNA تاقیدەکاتەوە و دەریدەخات، جگەرەکێشان دەبێتەهۆی زیانگەیاندن بە DNAـی خانەکانی مرۆڤ بەتایبەت خانەکانی نێو دەم.
توێژەرانی پەیمانگەی کێک لە کالیفۆرنیا دەریدەخەن، ئەوانەی جگەرە و نێرگەلە دەکێشن، بۆماوە مادەی DNA لە خانەکانی دەمیان زیانی پێدەگات، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: تێکچوون لە پێکهاتەی بۆماوە مادەی DNA هۆکارێکە بۆ هەوکردن و تووشبوون بە شێرپەنجە.
توێژینەوەکە لە گۆڤاری زانستیی نیکۆتین و تۆباکۆ بڵاوکراوەتەوە و 72 کەس بەشداریان تێداکردووە، ماوەی بەکارهێنان و جۆری جگەرەکە دەستنیشانکراوە و نموونەی شانەی نێو دەمیان لێ وەردەگیرا، پاشان پشکنینی پێکهاتەی DNAـیان بۆ دەکرا، دەرکەوت ئەوانەی جگەرەی ئەلیکترۆنییان دەکێشا بەراورد بەوانەی نەیاندەکێشا 2.6 ئەوەندە دووچاری تێکچوونی DNA بوون، تەنانەت ئەم رێژەیە لە بەکارهێنەرانی جگەرەی ئاساییش بەدیدەکرا.
دکتۆر ئەحمەد بیسراتینیا، پسپۆڕی تەندروستیی گشتی لە پەیمانگەکە و سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە روونیدەکاتەوە، ماوەی بەکارهێنانی جگەرەی ئەلیکترۆنی هاوتایە لەگەڵ رێژەی تێکشکاندنی DNAـی خانەکان، بەجۆرێک ئەوانەی ماوەیەکی زۆرتر جگەرە و نێرگەلە دەکێشن، زیاتر DNAـی خانەکانیان تێکدەشکێت.
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رایدەگەیێنێت، ساڵانە زیاتر لە هەشت ملیۆن کەس بەهۆی جگەرە و نێرگەلەوە گیانلەدەستدەدەن، تەنانەت بەشێکیان ئەوانەن کە بەرکەوتەی دووکەڵی جگەرەن، هاوکات رێکخراوەکە دەریدەخات، جگەرەکێشان هۆکاری 90٪ـی گیانلەدەستدانە بە شێرپەنجەی سییەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ